لە جەنگی 40 رۆژەدا 50 کەسی سڤیل لە کرماشان کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەدا، 50 کەسی سڤیلی پارێزگاکە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون.
محەممەد بەهرامی، رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نزیکەی 50 هاووڵاتیی مەدەنیی پارێزگاکەمان شەهید بوون."
سەبارەت بە وردەکاریی قوربانییەکان، بەهرامی ئاماژەی بەوە کرد، لەو ژمارەیە 20یان ژن و 30یان پیاو بوون؛ هەروەها 12 کەس لەو قوربانییانە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە، کە لە 2 کچ و 10 کوڕ پێکهاتوون.
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگای کرماشان گوتیشی: "لە سەرەتای جەنگەکەوە، لیژنەی قەیران لە دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگا بە بەشداریی پێنج گرووپی پسپۆڕ پێکهێنرا، تاوەکو بە خێرایی و وردی بەدواداچوون بۆ کاروباری خێزانی قوربانییەکان و کێشەکانیان بکرێت."
محەممەد بەهرامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە زیانەکانی جەنگی 12 رۆژەی ساڵی 2025 کرد و رایگەیاند، لەو جەنگەشدا 64 کەس لە پارێزگای کرماشان بەهۆی هێرشە موشەکی و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد و دوای 40 رۆژ شەڕ، لە بەرەبەیانی 8ی نیسانی 2026 بە نێوەندگیری پاکستان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان تاران و واشنتن راگەیێندرا. رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەر لە تەواوبوونی وادەکەی، بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی درێژکردەوە.
لە 13ـی حوزەیرانی 2025-یش، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئەمریکا بە بۆردوومانکردنی سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێران هاتە نێو شەڕەکەوە. بەرەبەیانی 24ی حوزێرانیش ئاگربەست راگەیێندرا. ئەو جەنگە بە جەنگی 12 رۆژە ناسراوە.