پێشبینیی بارانبارین و تەرزە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، بارانەکە باشووری کوردستان بگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە تەرزەش ببارێ.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەگەری تاوەباران و برووسکەی کەم هەیە لە زۆربەی ناوچەکان؛ لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت."
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاندووە، "تاوەبارانی کورتمەودا سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەبارێ، لە شەودا کاریگەریی زیاتر دەبێ بۆ ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان."
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلێکی باران ئەمڕۆ لە خۆرئاوای عێراقەوە دەگاتە ئەنبار و بەغدا، دواتر دەگاتە کەرکووک، گەرمیان، سلێمانی و راپەڕین."
 
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، سبەی "تاوەبارانی بەهێز ببارێ، هەروەها ئەگەری بارینی تەرزە و بای بەهێز هەیە بۆ زۆرینەی ناوچەکان، بەڵام زیاتر گەرمیان، سلێمانی، کەرکووک، راپەڕین و هەڵەبجە دەگرێتەوە."
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، چوارشەممە ئەگەری بارانبارین لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، "بارانەکان تاوەبارانی بەهارییە و لەوانەیە هەموو شوێنێک نەگرێتەوە؛ یان لە رۆژێک زۆربەی خۆش بێ و تاوەبارانێک یان دووانی تێدابێت."
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە باشووری کوردستان
 
هەولێر: 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 27 پلەی سیلیزی
دهۆک: 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 21 پلەی سیلیزی
سۆران: 20 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی 
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی