جێگری سیاسی پارێزگاری سنە: دەستمان بە تۆماری جیهانیی ئەشکەوتی کەرەفتوو کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاری سنە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی میراتی کولتووریی ئێران، دەستپێکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی ئەشکەوتی (کەرەفتوو)ی لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆی راگەیاند و گوتی، "هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ تۆمارکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکەی پارێزگاکە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی ئەکبەر وەرمەقانی، جێگری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاری سنە رایگەیاند، کوردستان هێمای شوناسی مێژووییە و لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە تەمەنی ئەم پارێزگا بۆ زیاتر لە 7هەزار و 500 ساڵ دەگەڕێتەوە.
 
گوتیشی، "تۆمارکردنی جیهانیی کەرەفتوو دەبێتە هۆی ناساندنی زیاتری ئەم شوێنەوارە بە جیهان و راکێشانی گەشتیاری بیانی، بۆیە پێویستە کارەکان خێراتر بکرێن."
 
لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی ئەکبەر وەرمەقانی، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی پارێزگای سنەی وەک بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەستنیشانکرد.
 
ئەشکەوتی مێژوویی کەرەفتوو
 
67 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری دیواندەرەوە دوورە. ئەشکەوتێکی سرووشتیی بەردینە کە بە شێوەی چوار نهۆم لەناو جەرگەی چیادا تاشراوە. دەکەوێتە سنووری قەزای کەرەفتووی سەر بە شاری دیواندەرە.
 
ئەم شوێنەوارە لە 9ی شوباتی 1940 بە ژمارەی تۆماری 330، وەک یەکێک لە شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کرا.
 
لە 15ی تشرینی دووەمی 2022 لە لیستی "کاتیی" شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆدا تۆمار کرا.
 
ئەم شوێنەوارە سەرنجی زۆر لە گەڕیدە و توێژەرە جیهانییەکانی وەک دێمۆرگان و راوڵینسۆنی راکێشاوە. بەهۆی بوونی نووسینێکی گریکی لەسەر یەکێک لە ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کە ناوی خوداوەندی (هێراکلس)ی تێدا هاتووە، زۆرجار وەک پەرستگای هێراکلس-یش ناودەبرێت.