لە کەرکووک بنمیچی باڵەخانەیەک لەکاتی کارکردندا رووخا؛ گیانلەدەستدان و بریندار هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بنمیچی باڵەخانەیەک کە کاری تێدا دەکرێ بەسەر کرێکارەکانیدا رووخا. پۆلیس دەڵێ، شەش بریندار و گیانلەدەستدانێک هەن.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بنمیچەکە لەکاتێکدا رووخاوە لانیکەم 10 کرێکاری لەژێردا بووە".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "تیمەکان شەش کەسیان بە برینداری رزگار کردووە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، هەروەها یەک گیانلەدەستدان هەبووە".
عامر نووری گوتی: "هێشتا تیمەکانمان سەرقاڵی گەڕانن لە شوێنی رووداوە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسی دیکە مابێ رزگار بکرێ".
تەرمی قوربانییەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنن.