بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتووەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026، کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی، کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە."
 
بە گوتەی کاوە بەهرامی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە."
 
هەروەها کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپی کۆمەڵە لە سوورداش و کۆگەی ئاوی کەمپەکەی کردە ئامانج.
 
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکە ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە بە رووداوی گوت، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، لەبەر ئەوەی کەمپەکە بە تەواوی چۆڵ کراوە و هیچ خێزانێکی تێدا نەماوە.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە، لەگەڵ بۆردوومانەکەدا درۆنی چاودێریش بە ناوچەکەدا سووڕاوەتەووە.
 
ئەو کەمپەی لە سوورداش بۆردوومان کراوە، کەمپێکی هاوبەشی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.