هاوکاریی دارایی دەدرێتە کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی کەرکووک
رووداو دیجیتاڵ
دوای گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و کرێکار لە دوو رووداوی جیاوازدا، لە پارێزگای کەرکووک ماتەمینیی گشتی راگەیێندرا. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش شاندێکی باڵای ناردە شارەکە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە.
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو کارەساتە "جەرگبڕانەی" لە دوو رۆژی رابردوودا
روویانداوە، ئەمڕۆ لە سەرانسەری پارێزگاکەدا کراوەتە ماتەمینیی گشتی.
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر لە ساتەکانی سەرەتای رووداوەکانەوە لەسەر هێڵ بووە و شاندێکی باڵای بە سەرۆکایەتیی حازم وەتەن، راوێژکاری سەرۆکوەزیران ناردووەتە کەرکووک بۆ گەیاندنی هاوخەمی و پێشکێشکردنی هاوکاریی دارایی بە کەسوکاری قوربانییان.
هاوکات حازم وەتەن، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی گەیشتنی بۆ کەرکووک رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتانە "پابەندنەبوونە" بە رێنماییەکان و جەختی کردەوە کە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەموو کەمتەرخەمێک دەگیرێتەبەر.
سەبارەت بە رووداوی رووخانی باڵەخانەیەک کە کرێکارێک تێیدا گیانی لە دەست دا و شەش کرێکاریش بریندار بوون، پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای کرد: "باڵەخانەکە بە نایاسایی و بێ مۆڵەت دروستکرابوو. بەڵێندەرەکەی دەستگیرکراوە و لیژنەی لێکۆڵینەوەش بۆ سزادانی هەموو کەمتەرخەمانی دیکە پێکهێنراوە."
رووداوەکان چی بوون؟
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، کەرکووک دوو رووداوی سەختی بەخۆیەوە بینی؛ ئێوارەی 26ـی نیسان لە رووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێن لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی شەش کەس گیانیان لەدەستدا و سەروو 20 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمڕۆش 27ـی نیسان بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەک لە کاتی کارکردندا، ژمارەیەک کرێکار گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.