راپۆرتێک: بەهۆی پرۆژەی رووناکییەوە دەردانی یەک ملیۆن تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن کەمی کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی راپۆرتێک پڕۆژەی رووناکی کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بەپێی ئامارە نوێیەکان، لە رێگەی کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە، رێژەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
 
بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی پرۆژەی  رووناکی، کە ئەمڕۆ 27ـی نیسانی 2026، بڵاوکراوەتەوە: "تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 5 هەزار و 917 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی یەک ملیۆن و 127 هەزار و 430 تۆن لە دووانۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا، کە ئەوەش یەکسانە بە دوورخستنەوەی یەک ملیۆن و 23 هەزار و 699 ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان".
 
بەپێی راپۆرتەکە، هەولێر لە پلەی یەکەم دێت لە کوژاندنەوەی موەلیدەکان، تاوەکو ئێستا 2 هەزار و 995 موەلیدە کوژێنراونەتەوە، لە دوای ئەویش سلێمانی دێت کە 805 موەلیدەی کوژێنراونەتەوە، ئینجا دهۆک دێت کە 505 موەلیدەی لێی کوژاوەتەوە.
 

 
بەگوێرەی پرۆژەی رووناکی 80٪ـی مۆلیدەکان کوژاونەتەوە و کارەبای نیشتمانی گەیشتووەتە 85٪ـی هاووڵاتییان. 
 
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە گەیاندنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
 
لە ئایاری 2026ـدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسندکردنی پڕۆژەکەی دا، کە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە کەرتی وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەبینرێت.