کەمپی سوورداش بۆردوومان کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە دوو مووشەکی دیکە بۆردوومانکرا.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 7:20 بە دوو مووشەکی دیکە هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش."
 
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی ئەمشەو، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، چونکە کەمپەکە پێشتر بە تەواوی چۆڵ کراوە و هیچ خێزانێکی تێدا نەماوە.
 
ئەو کەمپەی لە سوورداش بۆردوومان کراوە، کەمپێکی هاوبەشی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە. کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆش، بە دوو درۆن بۆردوومان کرا.
 
هەر ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر کەمپێکی دیکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە. کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێری و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە سنووری کۆیە، کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە."
 
سەرەڕای ئاگربەست، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید و بریندار بوون.