خێزانێکی کورد داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی کوڕەکەیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
خێزانی ناسر بەکرزادە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بە هانای کوڕەکەیان بچن بۆ ئەوەی لە سیدارە نەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، مەنسوور بەکرزادە، باوکی زیندانی سیاسیی کورد کە سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێندراوە، داوای لە پیاوانی ئایینی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد پێش بە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی کوڕەکەیان بگرن.
مەنسوور بەکرزادە، باوکی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی تەمەن 26 ساڵەی کورد کە تۆمەتبارە بە " سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" ماوەی سێ ساڵە لە گرتووخانەیە، دەڵێت، کوڕەکەی بێ تاوانە و حوکمی لەسێدارەدانی تەنیا "بەهۆی شەڕی ئەم دواییە" پەسندکراوە.
مەنسوور بەکرزادە، ئاماژەی بەوەشکرد، کوڕەکەی پێشتر دوو جار سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشاوەتەوە، کەچی ئەو لقەی دادگە کە سەرەتا سزای بەسەردا سەپاندووە، بۆ جاری سێیەم سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
پێشتریش لە مانگی 10ی 2024 رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا باسی لە ناسر بەکرزادە کردبوو و رایگەیاندبوو کە ئەو لەگەڵ چوار هاونیشتمانیی دیکەی کورد بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" دەستبەسەر کراون.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رۆژی شەممە 25ی نیسانی 2026، ناسر بەکرزادە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بانگ کراوە و سزای کۆتاییی لەسێدارەدان کە لەلایەن لقی 39ی دیوانی باڵای وڵاتەوە دەرچووە، بە فەرمی پێی راگەیێندراوە.
بەکرزادە پێشتر لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.