مانگی رەمەزان نرخی کەلوپەلی لە شاری دێرک هەرزانکردووە
رووداو - هەولێر
لە رۆژئاوای کوردستان خواستی زۆر جووڵەی خستووەتە بازاڕەکانەوە و، بە هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، بازاڕی رۆژئاوای کوردستان گەرموگوڕییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە.
لە شاری دێرکیش هاونیشتمانیان بەگەرمییەوە پێشوازییان لە مانگی رەمەزان کرد و ئەمەش جووڵەیەکی زۆری خستووەتە بازاڕەوە.
بەپێی گوتەی هاونیشتمانیانی ئەو شارە، هەرچەندە باری دارایی سەرشانیان قورستر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاونیشتمانیان بۆ کڕینی پێداویستییەکانی رەمەزان روویان کردووەتە بازاڕەکان، نرخی کاڵاکانیش بەراورد بە رەمەزانی ساڵی رابردوو هەرزانتر بووە، ئەمەش پێچەوانەی زۆربەی بازاڕەکانی جیهانە کە لە رەمەزان و بۆنەکاندا نرخ گران دەبێت.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح