51 ساڵ بەسەر بە پارێزگابوونی دهۆکدا تێدەپەڕێت
رووداو - هەولێر
دھۆک، کە یەکێکە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ناوەندی پارێزگاکە قەزای دھۆکە و لە ناوچەی بادینان ھەڵکەوتووە. ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر بە پارێزگابوونیدا تێدەپەڕێت.
دهۆک، دەكەوێتە پانتایی نێوان زنجیرە چیاكانی شندۆخا لە باشوور و چیای سپی لە باكوور و چیای مام سین لە رۆژهەڵات. هاوسنوورە لە گەڵ باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، چەندان شوێنەوار و هەڵكۆڵدراوی لێیە. لە دهۆک چەندان سەنتەری رۆشنییریی و چەند زانکۆیەک هەن.
لە 27ی ئایاری ساڵی 1969کراوەتە پارێزگا، ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە بە یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، لە پارێزگاکەدا کورد، کلدان، ئاشووری و ئەرمەن هەن، هەروەها دانیشتووانەکەی پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام، مەسیحی و ئێزدین. بە یەکێک لە شارە دڵگیرەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێت.
لە پارێزگای دهۆک حەوت قەزا هەن، کە بریتین لە قەزاکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی، سێمێل، شێخان و بەردەڕەش.
لە بارەی ناوی دھۆک بۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام ئەوەی کە لە ھەموویان بەناوبانگترە ئەوەیە کە (دھۆک) بە مانای (دوو چیا، یان دوو ھێلکە) دێت. ناوی ئاشووریی شارەکە نوھەدرایە.
دهۆک بە درێژایی مێژووی دامەزراندنی، 13 پارێزگاری گۆڕیوە، ئەوانیش: عەگید سەدیق سەعدوڵڵا (1969-1970)، محەمەد رەسول گۆیی (1970)، هاشم حەسەن (1970-1973)، سەعد حەبیب (1974)، محەممەد عەلی ئەمین گۆران (1974-1976)، یەحیا محەمەد رەشید جاف (1976-1979)، نامق رەقیب سورچی (1979-1988)، محەمەد پیرۆ رۆستەم (1988-1991)
عەبدولوەهاب ئەتروشی (1991)، عەبدولعەزیز تەیب (1992 – 1999) نێچیرڤان ئەحمەد (1999 - 2005)، تەمەر رەمەزان (2005 – 2014)، فەرهاد ئەمین ئەترووشی (لە 2014ەوە تائێستا).
دهۆک بە شاری پێکەوەژیان دەناسرێت، جیا لەوەش ئەو پارێزگایە بە ناوەندێکی گرنگی ئاوارەو پەنابەران دادەنرێت، لە دوای شەڕی داعش و هەروەها شەڕی چەند ساڵەی سووریا زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە نەتەوە و ئاینی جیاواز روویان لەو پارێزگایە کردووە و لە چەند کەمپێکدا نیشتەجێکراون.
بە درێژایی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک کراون، بەیەکێک لە پارێزگا سەرنجراکێشەکان دادەندرێت بۆ گەشتوگوزار.
بەپێی ئاماری گەشتیاریی دهۆک نزیکەى 900 شوێنى گەشتیارى لەو پارێزگایە هەن، چەند ساڵێکە هەوڵدەدرێت بکرێتە پایتەختى گەشتیاریى هەرێمی کوردستان، تەنیا ئەمساڵ 45 شوێنى گەشتیاریى، رێستورانت و تلفریکـ، پارکى یارى وەبەرهێنانیان تێدا کراوە.
لە ساڵی 2019 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوەتە 245 پرۆژەی وەبەرهێنان بەتایبەت لە بوارەکانی گەشتوگوزار و پیشەسازی، ئەگەرچی بەشێک لەو پرۆژانە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەستاون.
لە پێشبڕکێی خەڵاتی جیهانیی شاری ئاشتی، کە لەلایەن رێکخراوی شارەوانییە حكومییەکانی هۆڵەنداوە ساڵی 2019 بۆ زیاتر لە 35 شاری جیهان لە باشووری ئەفریقیا رێکخرابوو، دهۆک فایناڵ لیستی وەرگرتنی خەڵاتەکە بوو.
سەرباری ئەوەی دهۆک ناوەندێکی گرنگی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەپێی ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە ساڵەکانی 2014 ، 2016 و 2019 بەرزترین رێژەى هەژارى و بێکارى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان لە شارى دهۆک تۆمارکراوە.