لیژنەی پاڵپشتیی رۆژنامەنووسان: سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر پەیامنێری رووداو دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پاڵپشتیی رۆژنامەنووسان کە ناوەندەکەی لە سویسرایە، لە راگەیێندراوێکدا هێرشکردنە سەر پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پیرەمەگروون و چەند رۆژنامەڤانێکی دیکە سەرکۆنە دەکات. رێکخەری لیژنەکە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشێلکارییەکە بە راپۆرتێک دەدەنە لیژنەی باڵایان لە سویسرا.
دوێنێ لە کاتی رووماڵکردنی ناڕەزایی بەشێکی هاونیشتمانییانی پیرەمەگروون لە سنووری پارێزگای سلێمانی دژی دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، تیمی رۆژنامەڤانیی تۆڕی میدیایی رووداو و دوو کەناڵی دیکە لەلایەن ئاسایشی ناحیەکەوە هێرشیان کرایەسەر. ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئایاری 2023، لیژنەی پاڵپشتیی رۆژنامەنووسان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمی کەناڵی رووداو و کەناڵەکانی پەیام و ئێن ئاڕ تی لەكاتی رووماڵكردن و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆیان، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە هێرشکرایە سەریان و بۆ ماوەی نیو کاژێر دەستبەسەرکران.
لیژنەکە کە راگەیێندراوەکەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، هێزە ئەمنیەکان لە پیرەمەگروون "دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژمارەیەك لە راگەیاندنكاران و لێیانداون و دەستیان گرتووە بەسەر كەلوپەلەكانیاندا؛ بە تووندترین شێوە سەركۆنەی ئەو دەستدرێژیكردنە دەكەین و داوا لە لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەكان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق دەكەین بە چڕی كار بكەن بۆ رێگریكردن لەو جۆرە دەستدرێژییانە".
محەممەد فاتیح، رێکخەری لیژنەکە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە راپۆرتەکە بەرز دەکەینەوە بۆ لیژنەی باڵا لە سویسرا؛ لەوێش لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا تاوتوێ دەکرێت و کاری لەسەر دەکرێت".
محەممەد فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێشلکاریی دژی رۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان و گەیاندنی بە دەرەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبێت و هەوڵی ئەوان بۆ نەهێشتنی پێشێلکارییەکانە.
لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان؛ لیژینەیەکی نێودەوڵەتی عەرەبیی عێراقییە و بنکەی سەرەکی لە سویسرایە و لە بەغدا نووسینگەی هەیە.
هەر لەوبارەیەوە، دوێنێ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆنامەڤانان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "زەبروزەنگ و پەلاماردانی تیمەکانی رووداو، پەیام، ئێن ئاڕ تی و ئازاردانیان، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانییان، دەستبەسەرکردن و سووکایەتی بە پیشەکەیان لە ناحیەی پیرەمەگروون، دەرخەری ئەو راستییەن کە هێزی ئەمنی رێز لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و ئازادیی رۆژنامەگەری ناگرێت و لە بۆسەدایە بۆ پێشێلکردنی ئەو مافانە".
لەبارەی رووداوەکەوە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوتی، "کاتێک ئەو کەسانەی ناڕەزاییەکەیان رێکخستبوو راگەیێندراویان خوێندەوە پرسیارێکم کرد؛ وەڵامی پرسیارەکەم وەرنەگرتەوە هێزێکی ئاسایش هاتنە سەرمان؛ دوو بۆکسی تووندیان بەسەری ئالان محەممەدی کامێرامانمان کێشا و کامێراکەیان لێ وەرگرت؛ مایک و مۆبایلەکەی منیشیان برد، گوتم کێشە چییە خۆم دێم، بەڵام چەندین وشەی نەشیاویان پێ گوتین".
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی کە بۆ رووماڵی رووداوەکە چووبووە پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، ئاسایشی سلێمانی هاوئاهەنگی باشی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو هەیە و بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی خۆی هاوکاری دەکات لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەڤانانی رووداو؛ گوتیشی: "نازانین ئاسایشی پیرەمەگروون بۆ بەمشێوەیە مامەڵە دەکات و ئەو شەقوەشاندن و سووکایەتییە بۆچی؟"
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کراوە.