ئاستی ئاو و رووبەری دەریاچەی ورمێ کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەپێی دوایین بەدواداچوونەکان، رووبەری دەریاچەی ورمێ هەزار و 130 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە بەراورد بە پار کەمترە.
رۆژی سێشەممە، 27ی ئایاری 2025، مەجید رەستگاری رایگەیاند، ئێستا ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ 1270 مەتر و 27 سانتیمەترە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاداری ئەم ساڵ ئاستی ئاوی دەریاچەکە زیاتر لە 1280 سانتیمەتر بووە و بەراورد بە دوو مانگی رابردوو، ئاستی ئاوەکەی نزیکەی 10 سانتیمەتر دابەزیوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، قەبارەی ئاوی دەریاچەی ورمێ ئێستا یەک ملیار و 60 ملیۆن مەتر سێجایە، لە کاتێکدا لە مانگی ئاداردا قەبارەی ئاوەکەی زیاتر لە یەک ملیار و 630 ملیۆن مەتر سێجا بووە، بەراورد بەو کاتە 570 ملیۆن مەتر سێجا کەمترە.
رەستگاری دەڵێت، ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ نزیکەی هەزار و 130 کیلۆمەترە. پار لە هەمان کاتدا رووبەری دەریاچەکە نزیکەی هەزار و 500 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی بارانبارین لە پارێزگاکە بەراورد بە پار 21% کەمیکردووە. دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی زیاترین ئاو بۆ خواردنەوە تەرخان بکرێت و ئاوی کەرتی کشتوکاڵ کەمبکەنەوە.
لەبارەی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ، ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە بەراورد بە پار کەمیکردووە و زیاتر بەنداوەکانی بۆکان و مهاباد کەمیان کردووە.
بە گوتەی مەجید رەستگاری، ئێستا ئاوی گلدراوە لە 14 بەنداوی پارێزگای ورمێ، نزیکەی 800 ملیۆن مەتر سێجایە و بە گشتی بەنداوەکانی پارێزگاکە 44٪ ئاویان تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئێرانیش پێشتر رایگەیاندووە، دۆخی دەریاچەکە باش نییە و بە کەمبوونەوەی باران و هاتنی هاوین، بەهەڵمبوونی ئاوی دەریاچەکە زیاتر دەبێت و بەوەش رووبەری دەریاچەکە بچووکتر دەبێت.