هاتووچۆی کەرکووک روونکردنەوە لەسەر گرتەڤیدیۆیەک دەدات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک رەتیدەکاتەوە شۆفێری هیچ ماتۆڕسکیلێک لەلایەن کارمەندی هاتووچۆی کەرکووکەوە ئازار درابێت.
رۆژی سێشەممە 27ی ئایاری 2025 عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تێیدا وا دەردەکەوێت گوایە سێ کارمەندی هاتووچۆی کەرکووک لە خاوەنی ماتۆڕسکیلێک دەدەن."
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک دەڵێت، "ئەوەی سەیری ڤیدیۆکە بکات دەزانێت کە بە هیچ شێوەیەک لەو هاووڵاتییە نادرێت، بەڵکو تەنیا یەکێک لە پۆلیسەکان دەستی لەسەر شانی ئەو کەسە داناوە تاوەکو رانەکات."