بەرگریی شارستانیی سۆران: تاکسییەک کەوتە نێو ئاو و کەسێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، تاکسییەک لە رێگەی هامڵتۆن کەوتوەتە نێو ئاو و لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.
 
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی هامڵتۆن روویدا؛ ئۆتۆمبێلێکی جۆری تەکسی کەوتە نێو رووبار و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش کە لەگەڵی بوو، بریندار بوو"
 
رەوەند مەغدید گوتی، بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە و تەندروستی باشە.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت: "شۆفێرەکە کوردە، بەڵام ناڕوونییەک هەیە. ئەو هاونیشتمانییە چەندین ناسنامەی پێیە کە ناوی جیاواز و وێنەی جیاوازی لەسەرە. ئەو کەسەی بریندارە تورکە."
 
بە گوتەی رەوەند مەغدید، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.