خانووە بێ تاپۆکانی کەرکووک تاپۆ دەکرێن؛ 'هەموو ئومێدمان لەسەر ئەم خانووانەیە'
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری تاپۆکردنی خانووە بێ تاپۆکانی کەرکووک، چووە بواری جێبەجێکردنەوە و فۆڕمی پڕکردنەوەی زانیاری بۆ حەوت گەڕەکی شارەکە پڕکراوەتەوە.
تیمەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن و زانیارییەکانیان تۆمار دەکەن. یەکێک لە خاوەن خانووەکان، هەشت ساڵە لە خانووی بێ تاپۆ دەژیت، هەموو ئومێدی لەسەر تاپۆکردنی خانووە 100 مەترییەکەی هەڵچنیوە.
سەباح عوسمان، دانیشتووی گەڕەکی دەروازەیە و دەڵێت، "ئێمە کاتی خۆی ئاوارەی و ناخۆشی زۆرمان بینیوە، لەسەردەمی رژێمی پێشوو ناخۆشترین ژیانمان هەبووە، تاکە هیوای ئێمە ئەوەیە ئەم خانووانە تاپۆ بکرێن و سوودی لێ ببینین، ئێمە هیچ قەرەبوویەک نەکراوین و چەندین جار بەڵێنیاندا و سوودی نەبوو، ئومێدی ئێستای ئێمە ئەم خانووەیە."
خانووێکی گەڕەکی دەروازە، ژمارە یەکی پێدرا. تیمەکانی وەرگرتنی زانیاری لە فۆڕمێکدا زانیاری لەسەر رووبەری خانوو، جۆری زەوی و ناوی خاوەن خانووەکە تۆماردەکەن و دواتر رەوانەی پارێزگای کەرکووکی دەکەن.
فەلاح یایچڵی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک لەوبارەوە دەڵێت، "زیاتر لە حەوت گەڕەکمان تەواو کردووە، بەردەوامین لە رێگای دوو لیژنەوە یەکێکیان لە بەری چەپ و ئەوەی دیکەیان لە بەری راستی شارەکە، بە ژمارە لێدان و وەرگرتنی زانیاری لەسەر خانوو و رووبەرەکەی، هەروەها نزیکترین ناوچەی ناسینەوە و جۆری زەوییەکە، ئەمانەش لە رێگەی فۆرمێکی تایبەتی ئەلیکترۆنی دەبێت و دەنێردرێت بۆ پارێزگا".
دوای تەواو بوونی پرۆسەی وەرگرتنی زانیاری، زەوی خانووەکان بە نرخێکی گونجاو دەخەمڵێنرێت و رێکارەکانی دەرهێنانی تاپۆ تەواو دەکرێت.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، "بەکاری خۆمان هەڵدەستین بە تاپۆکردنی هەموو ئەو خانووانەی درووستکراون، ماڵیان تێدایە و ئێستا ژمارەیان وەرگرتووە لەلایەن لێژنەکانی تایبەت بە تاپۆکردنی ئەو خانووانەی پێیان دەگوترێت خانووی زیادەڕۆ، هەمووی دەگرێتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ بەرکەوتنێک نەبووە لەسەر زەوییەکان و ئەگەریش هەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار دەکەوینە قسەکردن."
بڕیاری 320ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە جگە لە هەرێمی کوردستان. لە کەرکووک مەرجی ناسنامەی 1957 جێبەجێدەکرێت، واتا هەر کەسێک خەڵکی کەرکووک نەبێت خانووەکەی تاپۆ ناکرێت.