600 گوندی پاریزگای ورمێ کێشەی ئاویان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ورمێ دەڵێت، بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە 600 گوندی ئەو پارێزگایە رووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، لەتیف خۆش سیرەت، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە بەشێک لە گوندەکانی پارێزگاکە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی کانیاوەکان و ئاوی ژێرزەوییەوە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە.
لەتیف خۆش سیرەت گوتی: "دابینکردنی ئاو بۆ گوندە کەمئاوەکانی پارێزگاکە لە رێگەی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە لە کارنامەی کارماندایە. جێبەجێکردنی ئەو پلانە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئەو گوندانەی پێویستیان بە ئاوی خواردنەوەیە سوودمەند دەبن."
بەرێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد: "تێکڕای بەکارهێنانی ئاو لە پارێزگاکەدا بۆ هەر کەسێک لە رۆژێکدا 202 لیترە؛ تێکڕای ستاندارد بە نزیکەی 135 لیتر خەمڵێندراوە؛ هەربۆیە پێویستمان بە پاراستنی ئاوە."