قایمقامی شێخان: بە بەهای 185 ملیار دینار پرۆژەمان لە جێبەجێکردندان
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، لە پێنج ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 240 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەیان خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ بەرهەمی گەنمی سنوورەکە زیاتر لە 60 هەزار تۆن بێت.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو و باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکەی کرد و گوتی، "ساڵی رابردوو دوو پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە و ئێستا کاریان تێدا دەکرێت. یەکێکیان پرۆژەی جووتسایدی رێگەی شێخان- باعەدرێیە. درێژیی رێگەکە 26 کیلۆمەترە و 7 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدایە، بودجەکەی نزیکەی 135 ملیار دینارە و نزیکەی 50٪ـی کارەکانی تەواو بوون".
پرۆژەی دووەمیش جووتسایدی شێخان- ناحیەی ئەترووشە کە بۆ پەرەستگەی لالش دەچێت، درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و تێچووەکەی 28 ملیار دینارە؛ ئێستا نزیکەی 70٪ـی تەواوکراوە.
لەبارەی ئەو پرۆژانەی لە پێنج ساڵی رابردوودا کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە کە بەشێکیشیان تەواو کراون، قایمقامی شێخان گوتی، لە ساڵی رابردوودا بەبەهای زیاتر لە 240 ملیار دینار پرۆژە لە سنوورەکە خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوانەشی ئێستا لە جێبەجێکردندان بەهاکەیان 185 ملیار دینارە.
قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک پێکدێت لە پێنج ناحیە (باعەدرێ، قەسرۆک، ئەترووش، کەڵەکچی و زێلکان)، چوار کۆمەڵگە و 187 گوند.
سەردار شێخ یەحیا گوتیشی، جگە لەو دوو پرۆژە ستراتیژییەی رێگەوبان، ئێستا 49 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر لە 22 ملیار دینار لە کەرتەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، رێگەوبان، پەروەردە و تەندروستی لە سنووری قەزای شێخان و ناحییەکانی باعەدرێ، قەسرۆک، ئەترووش، کەڵەکچی و زێلکان لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
قەزای شێخان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە شوێنەواری مێژوویی. بەگوتەی قایمقامی شارەکە، زیاتر لە 245 شوێنەواری لە سنوورەکەیاندا هەن و ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری زانکۆیەکی ئیتاڵی و حکومەتی ئیتاڵیا سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین پارکی شوێنەوارییە لە سەرتاسەری عێراق کە دەکەوێتە سنووری خنس لە قەزای شێخان.
دوای ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشی زۆری پرۆژەکانی حکومەت راگیران. سەردار شێخ یەحیا دەڵێت، لە ساڵی "2014ـەوە لەسنووری قەزای شێخان 28 پرۆژەمان هەبوون؛ 24 پرۆژەیان تەواو کراون؛ ئێستا چوار پرۆژە ماون و لەهەوڵداین لەگەڵ پارێزگای دهۆک و وەزارەتە جیاوازەکان بودجە بۆ ئەوانیش تەرخان بکرێت".
لەبارەی دۆخی کشتوکاڵی و بەرهەمی کشتوکاڵی سنوورەکە، قایمقامی شێخان گوتی، سەرەڕای کەمبارانی، بەگوێرەی رووپێوی کشتوکاڵی شێخان، ئەم ساڵ بەرهەمی دانەوێڵەی سنوورەکە زیاتر 60 هەزار تۆن دەبێت.
قایمقامی شێخان ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان ئەم ساڵ پەتاتە لەسنووری قەزای شێخان نزیکەی 200 هەزار تۆن دەبێ.