ئاگر لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئیلام کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری شاری بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلام کەوتووەتەوە.
ئاگرەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 27ی ئایاری 2025 لە ناوچەی "ملەی پەنجاب"ی سنووری شاری بەدرەی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە، بە خێرایی بەشێک لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گرتەوە.
عەلی رەزا محەممەدی، بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەستەی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکان، ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانەکان دیار نییە و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش روون نییە.
شاری بەدرە 85 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای ئیلامەوە دوورە. پارێزگاکە خاوەنی 340 هەزار هیکتار زەویی کشتوکاڵیی دێمی و بەراوە.