گرووپێکی چەکدار هەڕەشەی هێرشکردنەسەر بارەگاکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکات
رووداو- هەولێر
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە راگەیاندنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، گرووپێک کە چەکیان پێیە و دەموچاویان دەمامک دراوە، خۆیان وەک "هێزی پاراستنى جەوهەریی باشووری کوردستان" دەناسێنن و ئاماژە بەوە دەکەن، کە بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانج.
لە راگەیێندراوێکدا کە یەکێک لەنێو گرووپەکەدا دەیخوێنێتەوە دەڵێت "دەوڵەتی عوسمانیی نوێ داگیرکارییەکی نوێ لەسەر تەواوی کوردستان و بەتایبەتی هەرێمەکانی برادۆست و کەرکووک و بادینان بەڕێوەدەبات، بەداخەوە چەند هێزیکی باشووری کوردستان بۆ ئەم داگیرکارییە نوێیە هاوکارن و بێ هەڵوێستن".
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پێگەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکەینە ئامانج، لە ئەمڕۆ بەدواوە درێژە بەم شێوازە چالاکییانە دەدەین، لەهەر جێگایەکی باشووری کوردستان تەواو پێگەکانی سوپای داگیرکەران دەبنە ئامانجی سەرەکی هێزەکانمان".
دروستکردنی ئەم گرووپە چەکدارییە لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت و نابێ هیچ لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی خۆی بەکاربێنێ و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان تێکبدات.