عەلوەی سلێمانی: لەو رۆژەوەی کۆلێرا بڵاوبووەتەوە نزیکەی 90%ـی کڕیاری سەوزە کەمبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، رۆژانە زیاتر لە 100 هەزار دەسک سەوزە دەچێتە عەلوەکەیانەوە و ئەوانیش دەیخەنە بازاڕەکانەوە.
 
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە 100 هەزار دەسک سەوزە دێتە عەلوەی سلێمانییەوە. لەو رۆژەوەی نەخۆشیی کۆلێرا بڵاوبووەتەوە نزیکەی 90% کڕیاری سەوزە کەمبووەتەوە."
 
سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە سەوزە کۆلێرای پێوەیە، لە کۆنترۆڵی جۆریی عەلوەی سلێمانی پشکنین بۆ سەوزەکان کرا و دەرکەوت هەڵگری ئەو پەتایە نییە. پشکنینەکە لەژێر چاودێریی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانیدا کراوە."
 
بە گوتەی سەروەر عەلی، ئەو پشکنینە هەموو رۆژێک بۆ بەرهەمەکانی ناو عەلوە دەکرێت هەر لە بەرهەمی خۆماڵییەوە تاوەکو هاوردە، لەبەر ئەوەی سەوزەکە گومانی لەسەر بوو، بە چڕی پشکنینی بۆ کرا.
 
سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، زۆربەی سەوزەی سلێمانی بە ئاوی پاک ئاو دەدرێت و کەمێکی بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت، کە لەسەر چەمی تانجەرۆیە.
 
سەروەر عەلی گوتیشی، ئەو سەوزانەی بە ئاوی قورس ئاو دەدران لە رێگەی قایمقامیەتی سلێمانییەوە رێگە لە خاوەنەکانیان گیراوە و نابێت سەوزە بفرۆشن و هەندێک لە کێڵگەکانیش تێکدران، ئەوەیشی خستەڕوو، "سەوزەی هاوردە تەنیا کەلەرم و کاهوو هەیە، ئەوی دیکە هەمووی ناوخۆییە."
 
پێشتر رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سەوزەیەی دێتە نێو عەلوەی هەولێر نێوخۆییە و هی جووتیارانی خۆمانە؛ هیچ پشکنینێکیش بۆ سەوزەکە ناکرێت، چونکە هیچ تاقیگەیەکی پشکنین لە نێو عەلوەی هەولێر نییە."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەگەر سەوزەیەک بە ئاوی قورس ئاو بدرێت، ئەوان پێی نازانن و "زۆرجار کڕیارەکانمان جووتیاران دەناسنەوە و ئەگەر بزانن جووتیارێک سەوزە بە ئاوی قورس ئاو دەدات، لێی ناکڕن. واتە تەنیا بەو رێگەیە ئەو سەوزەیە دەناسینەوە کە بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت." ئەوەیشی خستەڕوو، "سێ بەشی سەوزەی هەولێر بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت، هەر لە توڕەقەوە تاوەکو دەگاتە گوێڕ."
 
لەو بارەوە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی رابردووەوە نووسراومان بۆ پارێزگاری هەولێر کردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکرێت بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە کاری کشتوکاڵی لەسەر رێڕەوی ئاوەڕۆی شارەکان دەکەن."
 
هێمن سەید موراد گوتیشی، "28 لقی کشتوکاڵی و بەرێوەبەرایەتیمان هەیە و وەک بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر سەرپەرشتی هەموویان دەکەین، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە کراوە و داوامان کردووە لیژنە پێکبهێندرێت چونکە بەشێک لەو زەوییە کشتوکاڵییانە کە بە ئاوی قورس ئاودەدرێن دەکەونە سنووری شارەوانی هەولێر، بەڵام رێگری تەواو لەو بەرووبوومانە کراوە و نایەنە نێو بازاڕیشەوە."
 
سەعد موئەیید، خاوەنی عەلوەی دهۆکیش لەبارەی پشکنینی بەروبوومە نێوخۆییەکان رۆژی دووشەممە 27-06-2022 بە رووداوی راگەیاند، "لە عەلوەی دهۆک، پشکنین بۆ بەرهەمە نێوخۆییەکان ناکرێ، بەڵام ئەو کەسانەی کە سەوزەیان لێ دەکڕین دەیانناسین و دەزانین سەوزەکەیان بە ئاوی بیر ئاو داوە."
 
لای خۆیەوە، د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئامێری پشکنینیان نییە، بەڵام لە هەموو چێشتخانەکان سەوزەیان قەدەخەکردووە و سەبارەت بە ماڵانیش گوتی، "پشکنینی ناوێت و بەشێوەیەکی باش دەتوانن سەوزە بشۆنەوە."
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگەش بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە گوتی، ئەوان وەکو تەندروستی پشکنینیان بۆ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە کردووە و سەرچاوەکە "پاکە و شیاوە" بۆ خواردنەوە.