دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە زیندانییان دادگایی دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

لە راگەیێندراوێکدا دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی رایگەیاند، خزمەتگوزاریی ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ سیستمی ئەلیکترۆنیی دادگە زیاد دەکەن. بەڕێوەبەری نووسینگەی دادوەری دادگەکە دەڵێت، بەگوێرەی سیستمەکە هاتووچۆ بە زیندانی ناکرێت و لە زیندانەکەی خۆیدا دادگایی دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 27ی حوزەیرانی 2022 هێمن عەلائەدین، بەڕێوەبەری نووسینگەی دادوەر جاسم جەزا هەورامی، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارکردن بۆ خزمەتگوزاریی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دادگەکەمان دەستیپێکردووە، بە تەواوبوون و کارپێکردنی دەبینە یەکەم دادگەی هەرێمی کوردستان و عێراق کە کار بە سیستمەکە بکەین."
 
هێمن عەلائەدین روونیکردەوە، سیستمەکە بە شێوەیەک دەبێت، کە زیندانی لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشێوەی دەنگ و رەنگ لەنێو زیندانەکەی خۆیدا دادگایی دەکرێت، زیندانی لە رێگەی شاشەیەکەوە هۆڵی دادگە و دادوەران دەبینێت و بە پێچەوانەشەوە دادوەران و ئامادەبووانی هۆڵی دادگە زیندانییەکە لە شاشەیەکدا دەبینن.
 
رۆژی 27ی حوزەیران لە راگەیێندراوێکدا دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی رایگەیاند، "لەمیانی هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی سیستمی ئەلیکترۆنیی دادگە و بە مەبەستی کاراکردنی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران، ئەمڕۆ دووشەممە دادوەر جاسم جەزا جافر هەورامی سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانیی کرد و لەگەڵ عەمید هیوا سدیق، بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی و بەرپرسانی بەشەکە کۆبووەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی دادگە رایگەیاندووە، ئەوەندەی لە توانا و دەسەڵاتی ئەواندا بێت دەیکەن بۆ باشترکردنی دۆخی راگیراوان.
 
رۆژی دووشەممە 13-06-2022 ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە چەند کارمەندێکی هێزەکانی پۆلیس لە دادگەی سلێمانی لە چەند هاووڵاتییەک دەدەن، ئەوەیش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەداخەوە لەناو دادگەی سلێمانی چەند کارمەندێک لە هێزەکانی پۆلیس هەڵسوکەوتی ناپیشەییانەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کردووە. ئەو پۆلیسانەش کە لە دادگەی سلێمانی لە خەڵکیان دا دەستگیر کراون". ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانیش لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنێتیی دروستبوونی رووداوه‌كە پێکهێنا.