پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە: بەو هیوایەی ببێتە مایەی پێشکەوتنی زیاتری نیشتمانەکەمان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیوادارە ببێتە مایەی تەبایی، لێبووردەیی و پێکەوتنی زیاتری نیشتمان.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە هاووڵاتییان لە کەشێکی ئارام و شادیدا، رۆژانی جەژن و پشوو بەسەر ببەن.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "بەو هیوایەی جەژن ببێتە مایەی تەبایی، لێبووردەیی، خێر و خۆشی، پێشکەوتنی زیاتری نیشتمانەکەمان و دەستەبەربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان بەگشتی."