نرخی ئاژەڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو چوار هێندە بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سێشەممە بازاڕی شنۆ، کە بازاڕێکی هەفتانەیە و بەهۆی ئەوەی نرخەکان هەرزانترن لەنێو شارەکان، خەڵک و بەتایبەت دانیشتووانی گوندەکان، لەو بازاڕانە پێداویستییەکانیان دەکڕن. بازاڕی ئەم هەفتەیە کەتووەتە رۆژی پێش جەژن، بەڵام وەکو ساڵان قەرەباڵخ نییە.
بازاڕەکانی هەفتانە شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵیشن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانی رابردوو، قوربانیی زۆر دەکرا، بەڵام ئەمساڵ نرخەکان ئەوەندە بەرزبوونەتەوە، خەڵکێکی کەمتر توانای کڕینیان هەیە. نرخی مەڕوماڵات و ئاژەڵە جیاوازەکان بەراورد بە جەژنی قوربانی پار، لانیکەم چوار هێندە بەرز بووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئامار، رێژەی هەڵاوسانی خواردەمەنییەکان مانگی رابردوو بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 42% بووە، بەڵام راستییەکانی نێو بازاڕ زۆر جیاوازە لەوە. هاونیشتمانییان دەڵێن، نرخی هەموو شتێک زیاتر لە 100% بەرزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانیش بووەتە هۆی دابەزینی توانای خەڵک بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان.
رۆژی پێش جەژن، زۆر کەس لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە. گەڕانەوەیەک کە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاڵبوونەوەی هاتووچۆکانی جەژنیش داناوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، گرانی و هەڵاوسان لە 10 ساڵی رابردوودا 11 ملیۆن کەسی دیکەیان خستووەتە ژێر هێڵی هەژاری. ئێستا لانیکەم 30%ی کۆمەڵگەی 85 ملیۆن کەسیی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین؛ زیاتر لە نیوەیان کەسانێکن کە پیشەی فەرمییان هەیە، وەکو کرێکارانی یەکە پیشەسازییەکان و فەرمانبەرانی حکومی.