وەزارەتی ئەوقاف گیانلەدەستدانی حاجییەکی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وێنەی حاجییەکی گەنج بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەگوترێت هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانە و لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا گیانی لەدەستداوە؛ بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 27ی حوزەیرانی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ و دوێنێش هیچ هاونیشتمانییەک لە سعودیە گیانی لەدەست نەداوە؛ ئەوەی لە حاجییانی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدابێت دوو ژن بوون لە چەند رۆژی رابردوودا."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف کە ئێستا لە سعودیەیە ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ کاروانی حاجییان قسەی کردووە و جەختیان کردووەتەوە، کە هیچ حاجییەکی کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا لە سعودییە گیانی لەدەستنەداوە.
پشکی حاجییان بۆ هاونیشتمانییان ئەمساڵ چوار هەزار و 684 حاجییە؛ لەو ژمارەیە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار 690 کەسیان لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکەیان کرد.
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ـی ئەم مانگە بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ـی ئەم مانگەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکردووە.