ئومێد خۆشناو: زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 19ی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. داواشی لە هاونیشتمانیان کرد بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون رێنوێنییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.
رۆژی سێشەممە 27ی حوزەیرانی 2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی هەولێر سەردانی بازگەی شێراوایان لەنێوان هەولێر و کەرکووک کرد. پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لەپێناو پێشوازییەکی جوانی میوانان کە لە زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە سەردانی هەولێر دەکەن، وەکو شاندێک سەردانی بازگەکەیان کردووە و لە چۆنێتی پێشوازیی گەشتیارانیان کۆڵیوەتەوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە رابردوو پێشوازی لە گەشتیاران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە بازگەکان مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرێت و تیمەکانی گەشتوگوزاریش بە شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن.
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لە 19ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. گوتیشی، "پێشبینیمان وایە سبەی و دوو سبەی کە رۆژانی جەژنە، ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن."
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە، هەولێر وەکو پایتەختی هەرێمی کوردستان شاری هەموو کەسێکە سەردانی بکات و ئەوان پێشوازیی لێدەکەن.
پارێزگاری هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کرد، کە لە کاتی قوربانیکردندا بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون، رەچاوی رێنوێنییە تەندروستییەکان بکەن.
سبەی لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ ساڵانە لە جەژن و بۆنەکاندا گەشتیارێکی زۆری پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.