دوای چەند کاژێرێک لە کردنەوەی, هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی شووشمێ راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند کاژێرێک لە کردنەوەی دەروازەی شووشمێی پارێزگای هەڵەبجە، دەروازەکە بەڕووی گەشتیاراندا داخرا. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، دوای جەژن دەکرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 27-06-2023 شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەروازەی شووشمێ لە سنووری هەورامان کە ئەمڕۆ بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەهۆی نەبوونی دەوام و پشووەکانی جەژنەوە، بەڕووی گەشتیاراندا داخرا.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، دەروازەکە یەکشەممەی داهاتوو بە تەواوی دەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هۆکاری وەستانی هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی لە مۆرلێدان لە پاسپۆرتی گەشتیاران لە دیوی ئێرانەوە، بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە لە ئێرانیش دەوامی فەرمی نییە و لەگەڵ کردنەوەی دەوامدا هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە دەستپێدەکاتەوە.
 
پێشتر دەروازەی شووشمێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ هاتووچۆی بازرگانی کراوەبوو. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار چەند هاونیشتمانییەکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو گەشتیار لە دەروازەکەوە تێپەڕین.
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، کردنەوەی دەروازەی شووشمێ بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە پەسند نەکراوە و ئەوان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەوەی عێراقیش بە فەرمی بیناسێنێت. گوتیشی، "کردنەوەی دەروازەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە."
 
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن، هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شووشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
 
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل.
 
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمالکا؛ ئەوەی یەکەم لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان و تورکیا و، ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە.