لە مانگی حوزەیراندا لە سەیرانگەکانی شارباژێڕ شەش کەس خنکاون
رووداو - سلێمانی
لە سەیرانگەی کونەماسی لە شارباژێڕی سنووری پارێزگای سلێمانی لە چەمێکی بچووکدا و لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا دوو کەس خنکان.
لە چاڵێکی هەڵکەندراو بۆ چەو و لم لە سنووری سەیرانگەکە، کە پڕکرابوو لە ئاو، کرێکارێکی نیپاڵی بەناوی هەستا بەهادوری تەمەن 42 ساڵ، کە لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەی نیپاڵی بۆ مەبەستی سەیرانکردن لە نزیکی بوون، مەلەی کردووە و خنکاوە.
هاوڕێیەکی کرێکارە نیپاڵییە خنکاوەکە بە رووداوی گوت، بەهادور چووە مەلە بکات، لەپڕ دەنگی نەماوە، "ئێمەش زمان نازانین و کەسیشمان نەناسیوە، بۆیە نەمانزانیوە چی بکەین."
لکژگه، هاوڕێی کرێکارە خنکاوەکە دەڵێت، کرێکارە نیپاڵییەکان دوای خنکانی هاوڕێکەیان پەیوەندییان بە محەممەد هەژار، سەرۆکی رێکخراوی داکۆکیکردن لە مافی کرێکارە بیانییەکان کردووە.
سەرۆکی رێکخراوی داکۆکیکردن لە مافی کرێکارە بیانییەکان بە رووداوی گوت، "لێرەش هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک عەرەب بەناوی مستەفا حەسەن، کە خەڵکی پارێزگای میسانە و پیشەی ئەندازیاریی نەوتە، خنکاوە؛ ئەویش لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی هاتبوون بۆ سەیرانکردن."
محەممەد ئەمجەد، هاوڕێی خنکاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، تەرمی هەردوو خنکاوەکە براونەتە داد پزیشکی سلێمانی و چاوەڕێی وەڵامی بنەماڵەکانیانن تاوەکو تەرمەکان رێکاری گەڕانەوەیان بۆ بگیرێتەبەر و تەنیا لە مانگی حوزەیران بەم دوو کەسەوە شەش کەس تەنها لە سەیرانگاکانی شارباژێڕ خنکاون.
پاسن لی، هاوڕێی کرێکارە خنکاوەکەیە و ئەوەی خستەڕوو، "هەر لێرە بووین، هاوڕێکەم چووە ناو ئاوەکەوە مەلە بکات، ئەو لە ئاوەکە هەر یاریی دەکرد و مەلەی دەکرد، نەمزانی چی بوو، لەپڕ لەوکاتەی مەلەی دەکرد، مرد لەناو ئاوەکە."
ئەحمەد عەبد، هاوڕێیەکی دیکەی هاووڵاتییە خنکاوەکە باسی لەوە کرد، "من و محەممەدی هاوڕێم چووبووینە ناو ئاوەکە و مەلەمان کرد، بەڵام مستەفای هاوڕێمان دانیشتبوو نێرگەلەی دەکێشا، ئێمە هاتینە دەرەوە و ئینجا ئەو چوو مەلەی کرد بە تەنیا، هەر لەناو ئاوەکە بوو، پێمان گوت، بەسە کاکە وەرەوە، دەیوت نا جارێ مەلە دەکەم، لەبەردەم ئێمە کەمێک دوورکەوتەوە و چووە ئەولاترەوە، منیش وێنەی خۆمانم دەگرت، لەپڕ بینیم سەرئاو کەوتووە و خنکاوە."