پۆڵاد و ئاسۆ شێخ جەنگی لەسەر چی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە؟

رووداو - سلێمانی
 
دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو برای لاهوور شێخ جەنگی و ئەفسەرێکی باڵای ئاسایش لە بەشی لێکۆڵینەوە دەرکرد، سەرچاوەیەکیش هۆکاری فەرمانەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
 
هەر یەک لە پۆڵاد شێخ جەنگی، سەرۆکی پێشووی دەزگای دژە تیرۆر و ئاسۆ شێخ جەنگی، نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا، کە هەردووکیان برای لاهوور شێخ جەنگین، لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو دۆسیەیە بە (رووداو)ی گوت: "ئەمڕۆ سێشەممە 27-7-2021 دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی, لەسەر سکاڵای هاونیشتمانییەک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە پۆلاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شیخ جەنگی و ئەفسەرێکی بەشی لیکۆڵینەوەی ئاسایش دەرکردووە".
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەو کەسەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی پارە سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە، ئێستا ئەو هاونیشتمانییە سکاڵای لەو کەسانە کردووە بە تۆمەتی ئەوەی ناهەقی بەرامبەر کراوە".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "لە زینداندا و بە زۆر بریکارنامە بەو هاونیشتمانییە نووسراوە و مۆڵک و ماڵەکانی کراوە بە ناوی چەند کەسێکەوە، کە دووانیان برای لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتین و ئەو ئەفسەری لێکۆڵینەوەش رۆڵی هەبووە لەوەی تۆمەتەکان بەسەر ئەو کەسەدا ساخ بکرێنەوە".
 
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو کەسە چەند ساڵێکە بێدەنگ بووە و ئێستا سکاڵا تۆمار دەکات. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەو کەسە گۆڕانکارییەکانی ئەمدوایییەی نێو یەکێتی  بە یارمەتیدەرێکی باش زانیوە بۆ ئەوەی لە رێگەی دادگاوە سەروەت و سامانەکەی بۆ بگەڕێتەوە" .
 
بەپێی سەرچاوەک لە یەکێتی، بێجگە لەو سکاڵایەی لەسەر دوو براکەی لاهوور شێخ جەنگی تۆمارکراون، سکاڵای دیکەش تۆمار کراون و گوتی: "چەند کەسێک لە دادگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لەلای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ژمارەیەک سکاڵایان لەسەر ژمارەی پرسی پەیوەندیدار بە پارە وەرگرتن و زەوتکردنی موڵک و ماڵ و شتی دیکەی پەیوەند بەو بابەتەوە تۆمارکردووە".
 
(رووداو) پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی کرد و لێی پرسی کە ئایا فەرمانی دەستگیرکردنی براکانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ پۆلیس چووە؟ گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان لەو بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە".
 
رۆژی 15ی تەمموزی 2021 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بڕیاری دا دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکی لە لاهوور شیخ جەنگی وەربگرێتەوە.
 
ئەو پێشهاتەش دوای رووداوەکانی رۆژی 8ی تەمموز هات، کاتێک بە بڕیاری بافل تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری گۆردران. ئەمەش ناڕەزایی لاهوور شیخ جەنگی لێکەوتەوە ،کە بافڵ تاڵەبانی لە میدیاکانی نزیک لێوەی چەندین تۆمەتی داوەتە پاڵ و بەهۆکاری ناسەقامگیری و دوورخستنەوەی یەکێتی لە رێڕەوی راستەقینەی خۆی و خزمەتکردن تۆمەتباری کرد. بەڵام لاهوور شێخ جەنگی، هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بە "کودەتا" ناودەبات.