وەزیری کارەبا: کردنەوەی وێستگەی پردی حافیز گرفتی کارەبای سۆران چارەسەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە سۆران وێستگەی کارەبای پردی حافیز بە گوژمەی یەک ملیار و 375 ملیۆن دینار کردەوە و رایدەگەیێنێت، کردنەوەی وێستگەکە گرفتی کارەبای سۆران چارەسەر دەکات. 
 
رێوڕەسمەکە رۆژی پێنجشەممە، 27-7-2023 بەڕێوەچوو. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئیدیۆم جێبەجێکراوە و کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەکەدا رایگەیاند، حکومەت لە ماوەی رابردوودا گرنگییەکی زۆری بە بابەتی کارەبا داوە و بڕی 1090 مێگاوات کارەبای زیادکردووە.
 
ئەو بڕەی زیادکراوە، بە گوتەی وەزیری کارەبا بەمشێوەیە دابەشبوون بەسەر ناوچەکاندا: 500 مێگاوات لە بازیان، 300 مێگاوات لە خەبات، 165 مێگاوات لە گەرمیان، 38 مێگاوات لە دێرەلۆک و 87 مێگاواتیش لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی.
 
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چوار ساڵی کاری کابینەی نۆیەمدا، بە گوژمەی 302 ملیۆن دۆلار، 53 پڕۆژەی جۆراوجۆ لە بواری گواستنەوەی کارەبا جێبەجێکراون و 95٪ـی خراونەتە خزمەت هاووڵاتییان، گوتیشی، زیاتر لە 2262 پڕۆژە بە گوژمەی 162 ملیار دینار لەبواری دابەشکردنی کارەبادا کراون.
 
پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە ساڵی 2020 بە ئامانجی رێگریکردن لە زیادەڕۆیی دەستیپێکردووە. لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 750 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، بەگوتەی کەمال محەممەد 95٪ـی پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا تەواو کراوە کە تێچووی پڕۆژەکە بەگشتی 250 ملیۆن دۆلارە.
 
سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدی کارەبا، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ''جێبەجێکردنی سیستمی پریپەید لە چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون و چەندین شوێنی دیکە، ئەنجامێکی باشی هەبووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 182 موەلیدە لە کار راگیراون و کارەبای 24 کاژێری بۆ ئەم شوێنانە دابینکراوە.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە سیستمەکە لە یەکە نیشتەجێبوونەکان ناڕەزایەتیی بەشێک لە دانیشتووانی لێکەوتووەتەوە و نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بەرزبووەتەوە.