باوکی ئەو کۆچبەرە کوردەی لە بولگاریا گیانی لەدەستدا: تائێستا نازانین تەرمەکەی لەکوێیە

رووداو دیجیتاڵ 

باوکی کۆچبەرێکی کورد، کە لە بولگاریا گیانی لەدەستداوە دەڵێت، کوڕەکەی هیچ نەخۆشییەکی نەبوو و لەکاتی بەڕێکەوتن لە تورکیاوە خواردنیشی پێبووە. دەشڵێت: ''تائێستا نازانین هۆکاری مردنەکەی چی بووە و تەرمەکەی لە کوێیە.''
 
رۆژی 17ـی ئەم مانگە رێکەوت باقی، تەمەن 25 ساڵی، کە خەڵکی ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی بوو، لەگەڵ دوو هاوڕێی بۆ تورکیا گەشت دەکەن، بەڵام دواتر پەیوەندی بە باوکییەوە دەکرێت، کە دەیەوێت لەگەڵ هاوڕێکانی لە رێگەی بولگاریاوە بەرەوە ئەوروپا بڕوات، دوای سێ رۆژ لە نێو دارستانەکانی بولگاریا گیانی لەدەستداوە.
 
باقی سپێری، باوکی کۆچبەرەکە لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: ''رێکەوت هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمەکەی لە بولگاریا هاوکارمان بن.''
 
وەک باوکی رێکەوت دەڵێت، کوڕەکەی لەگەڵ دوو گەنجی دیکەی دێرەلووک و شیلادزێ  لە تورکیاوە بەرەو بولگاریا بەڕێکەوتوون، بەڵام رۆژی سێیەم کاژێر 10ـی شەو ئەو دوو هاوڕێیەی هەواڵیان پێگەیاندووە، کە رێکەوت گیانی لەدەستداوە.
 
باقی سپێری باسی لەوەشکرد، زانیاریان لەسەر چۆنێتیی گیانلەدەستدانی کوڕەکەی نییە و نیو کاژێر بەر لە بەڕێکەوتنیان قسەی لەگەڵ کردووە، دواتر هەواڵی لێیان نەبووە و تائێستاش هۆکاری گیانلەدەستدانی روون نییە.
 
بەگوتەی باوکی رێککەوت، 14 کەس لە هاوڕێکانی رێکەوت هەوڵی هێنانەوەی تەرمەکەیان داوە، بەڵام 10 کەسیان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراون و چوار کەسی دیکەش کە لەگەڵ تەرمەکەی ئەو کۆچبەرە ماونەتەوە، مۆبایلەکانیان داخراوە و ''هیچ'' هەواڵێکیان نییە. 
 
گیانلەدەستدانی رێکەوت لەکاتێکدایە دوو رۆژ لەمەوپێش گەنجێکی دانیشتووی شیلادزێش بە ناوی دیندار دلێر، تەمەن 18 ساڵ کە ویستوویەتی لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە ئەوروپا، لە رێگەدا لە هاوڕێکانی دابڕاوە و تەرمەکەی لە دارستانێکی بولگاریا دۆزراوەتەوە.