پارێزەری کامیل حاجی عەلی: عیرفان عەبدولعەزیز هەڕەشەی کوشتنی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کێشە و ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەی ئیسلامی تادێت تووندتر دەبن، بزووتنەوەی ئیسلامی بە رابەرایەتی عیرفان عەبدولعەزیز، بەشە جیابووەوەکەی دیکەی بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی بە پێشێلکردنی یاسا و بەکارهێنانی ناوی حیزبەکەیان تۆمەتبار دەکات و لە رێگەی سکاڵای یاساییەوە بارەگاکەیان لە هەولێر دادەخات.
باڵی کامیل حاجی عەلیش، عیرفان عەبدولعەزیز بە هەڕەشەی کوشتن تۆمەتبار دەکات و لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ئەوان لە سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت و هەردوولاشیان خۆیان بە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەناسێنن.
رێبوار خۆشناو، پارێزەری عیرفان عەبدولعەزیز لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: بەپێی کۆنووسی کۆنگرە، عیرفان عەبدولعەزیز رابەری شەرعی بزووتنەوەیە و ئەندامانی کۆنگرە و مەجلیسی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە مانگی 2ی ساڵی 2022 داوایان لە عیرفان عەبدولعەزیز کرد ببێتە رابەر، چونکە کامیل حاجی عەلی لە کۆنگرەدا دەنگی پێویستی نەهێناوە، ئێستا کە کامیل حاجی عەلی و شوێنکەوتووەکانی لە بزووتنەوەکەدا نەماون و شەرعییەتیان نییە، ناوی بزوتنەوەیان بەکارهێناوە و بارەگایان بەناوی ئەو حیزبەوە لە هەولێر کردووەتەوە، بۆیە بەپێی یاسای حیزبەکان و بە بڕیاری دادگە بارەگاکەیان داخراوە.
پارێزەری عیرفان عەبدولعەزیز رەتیکردەوە ئاسایشی هەولێر بێ مۆڵەت بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامیی (باڵی کامیلی حاجی عەلی) لە هەولێر داخستبێت و گوتی، "کە دادگە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عیرفان عەبدولعەزیز دا، ئێمە داوامان کرد وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە دادگە تەنیا بڕیار دەدات و لایەنی جێبەجێکار نییە؛ ئەوەبوو دوای دووبارە داواکردنەوەمان، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان چوون بارەگاکەیان داخست و بڕیاری دادگەیان جێبەجێکرد؛ بەگوێرەی یاسا نابێت دوو حیزب بە یەک ناو و ئاڵاوە هەبن.
قسەکانی پارێزەرەکەی عیرفان عەبدولعەزیز لەکاتێکدایە، دووشەممە، 24ـی تەممووز، راوێژکاری یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان - باڵی کامیلی حاجی عەلی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا کە لە شاری سلێمانی کردی؛ گوتی، 23ـی تەممووز هێزێک بە پێنج ئۆتۆمبێلەوە لە هەولێر بارەگای سەرەکییان داخستووە و ئاڵاکەیان هێناونەتە خوارەوە و هێزەکە هیچ نووسراوێکی دادگەیان پێنەبووە."
لە هەمان کۆنگرەدا، محەممەد بازیانی، گوتەبێژی هەمان باڵی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی، ئەوان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دۆستایەتییان هەیە و داخستنی بارەگاکەیان و "سووکایەتی" بە ئاڵا و لۆگۆی حیزبەکەی بە هەڵوێستی فەرمی ئەو حیزبە نازانن، بەڵام نیگەرانن لە رووداوەکە. گوتیشی، مەڵبەندەکەیان پێشتر "بە فەرمی و بە ئاگاداریی ئاسایش" کراوەتەوە.
کەمال سازانی، پارێزەر و راوێژکاری یاسایی بزووتنەوی ئیسلامی کوردستان (کامیل حاجی عەلی) لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئێمە هیچ دۆسیەیێکمان لە دادگە نەدۆڕاندووە و بڕیاری دەستگیرکردنی عیرفان عەبدولعەزیزیش لە دادگەی سلێمانی بەهۆی سکاڵای کەسییە نەک دەرەنجامەکانی کۆنگرە."
گوتیشی: "عیرفان عەبدولعەزیز تۆمەتبارە بە هەڕەشەی کوشتن و چەندجارێک بانگێشتکراوە بۆ دادگە، بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە."
بە گوتەی سازانی، پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەتوانێت گرفتەکە چارەسەر بکات، بەڵام دواین کۆنگرەی حیزبەکە پێشێلکاریی پەیڕەوی تێدا کراوە، بۆیە تانەیان لێداوە و بە کۆنگرەیەکی ناشەرعی و هەڵوەشاوە دادەنرێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئەنجامەکانی کۆنگرەکەی پەسند نەکردووە و رەتیکردووەتەوە.
ساڵی رابردوو بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرەی بەست، لە کۆنگرەدا عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەری حیزبەکە هەڵبژێردرایەوە، بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکە ئەنجامەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکەیان، رابەر مافی نییە سێجار خۆی بەربژێر بکات کە عیرفان عەبدولعەزیز بەو شێوەیە خۆی بەربژێر کردووە، لەو کاتەوە ناکۆکیی لەنێو حیزبەکەدا دروستبووە و بەردەوامە.
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەماندا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و، هیچ بەربژێرێکیان بۆ پەرلەمان سەرنەکەوتن.