تەندروستیی هەڵەبجە: فێنککەرەوەکانی نەخۆشخانەی منداڵان سووتاون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، گەرمای هۆڵەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە بەهۆی سووتانی فێنککەرەوەکانە و دەڵێت، "چاککردنەوەیان پێویستی بە زیاتر لە 300 ملیۆن دینارە."
 
ژمارەیەک هاونیشتمانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، هۆڵەکانی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە شارەکە گەرمە و 'بەهۆی هەبوونی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانەوە شەوانە' نەخۆشەکان بێزار دەبن.
 
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ هۆڵێکی بۆنە و ئاهەنگگێڕان لە نزیک نەخۆشخانەکە نییە و ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە."
 
سەبارەت بە گەرمیی هۆڵەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە، د. ئازاد مستەفا گوتی، "بەهۆی کۆنییەوە، فێنککەرەوەکانمان سووتاون و پێویستیان بە چاککردنەوەیە. کە زیاتر لە 300 ملیۆن دیناری تێدەچێت و دەرخستەمان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، چوار مانگە هیچ پارەیەکیان لە داهاتی نێوخۆ وەرنەگرتووە و گوتیشی، "قەرزاری بەنزینخانەکانین و پارەمان نییە گاز بۆ موەلیدەکان بکڕین."