بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ: لە دوو مانگدا لە سلێمانی 477 کەس لەسەر زێدەڕۆیی دەستگیر کراون
رووداو رادیۆ
بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ رایدەگەیێنێت، هۆکاری زێدەڕۆیی، دابەشنەکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا و لە دوو مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 477 کەس لەسەر زێدەڕۆیی دەستگیر کراون.
لە بەرنامەی بە کاتی سلێمانیی رادیۆی رووداودا کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات باس لە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان کرا کە هەریەکە لە عوسمان شارباژێڕی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ؛ پشتیوان محەممەد، لێپرسراوی بەشی یاسای پارێزگای سلێمانی و؛ جوان فازیل، بەڕێوەبەری خانووبەرەی 1ـی سلێمانی تێیدا بەشدار بوون.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ گوتی: "هۆکاری زێدەڕۆییکردنە سەر موڵکی گشتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 2005ـەوە لە هەرێمی کوردستان دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا راگیرا. بەپێی دەستووری عێراقیش هەموو فەرمانبەرێک مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی پارچەیەک زەوی و بۆ خۆی بیکاتە خانوو و لەسەری نیشتەجێ ببێت."
هەرکەسێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتی بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2008 رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە و تاوەکو زێدەڕۆییەکەی لادەبات دەستگیر دەکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ گوتی: "لە دوو مانگی پێشوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 477 کەس لەسەر زێدەڕۆیی دەستگیر کراون کە بەشی زۆریان لە تووەسپی، کانی پیرە و کانی حەمە بوون کە دەکەونە دەوروبەری ناحیەکەی منەوە. لەو زێدەڕۆییانەیشدا هەرکەسێک لە هەر پلەیەکدا بووبێت بەپێی یاسا رێکارمان دژی گرتووەتە بەر و جیاوازیمان لەنێوان هیچ کەسێکدا نەکردووە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە تاوەکو 2022/09/09 ئەو خانووە زێدەڕۆییانە تاپۆ بکرێن کە لەسەر موڵکی گشتی دروست کراون.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ گوتی: "ئەم یاسایەی تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکانە بۆ نیشتەجێبوون. باڵەخانەی حیزب و رێکخراوەکانیش ناگرێتەوە. لە ناوەندی پارێزگادا 200 مەتر دووجای زێدەڕۆیی تاپۆ دەکرێت، لە قەزادا 250 مەتر دووجایە و لە ناحیەیش 300 مەتر دووجایە، لەوە زیاتر بە نرخی راستەقینەی شوێنەکە پێی دەفرۆشرێت."
پشتیوان محەممەد، لێپرسراوی بەشی یاسای پارێزگای سلێمانیش گوتی: "رۆژانە 700-1000 داواکاریی تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆییەکان وەردەگرین. لە 10 مانگدا نزیکەی 1700 داواکارییمان وەرگرتووە و، ئێستا ژمارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 12 هەزار داواکاری. ئێستایش بە لێشاو داواکاریمان پێشکەش دەکرێت. تاوەکو 2022/09/09یش داواکاری وەردەگیردرێت."
بە گوتەی پشتیوان محەممەد، ئەگەر زەوییەکە لە ماستەرپلاندا لەسەر شوێنی قوتابخانە، نەخۆشخانە، دامودەزگا حکومییەکان، مزگەوت و رێگەوبان بێت، ئەو زەوییەی بۆ تاپۆ ناکرێت، بەڵام داواکارییەکەی وەردەگیردرێت و بە پارچە زەوییەک قەرەبوو دەکرێتەوە.
جوان فازیل، بەڕێوەبەری خانووبەرەی 1ـی سلێمانیش گوتی: "کە موڵکەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرە تۆمار کرا، ئەوە دەبێتە بەڵگەیەکی بەهێز و دەیسەلمێنێت ئەو کەسەی لای ئێمە ناوی تۆمار کراوە خاوەنی ئەو موڵکەیە. ئیتر کەسەکە دەتوانێت هەڵسوکەوتی یاسایی لەسەر بکات، بەڵام تاوەکو نەیەت تۆماری بکات، ناتوانێت کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات."
بەڕێوەبەری خانووبەرەی 1ـی سلێمانی روونی کردەوە، ئەگەر زەوییەک تۆمار کرا، نرخەکەی دەخەمڵێنرێت و 3٪ـی نرخەکەی لێ وەردەگیردرێت. هەر مەترێک زەوی نرخەکەی لەنێوان 15 هەزار بۆ 30 هەزار دیناردایە کە نرخێکی زۆر گونجاو و هێماییە.