هۆشداری دەدرێت؛ "کۆتایی 2026 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 50 دۆلار دادەبەزێت"
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە زۆری بە جێگیری مایەوە و بە 67 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ هاوکات هۆشداری لە دابەزینی نرخەکەیشی دەدرێت بۆ 50 دۆلار لە کۆتایی ساڵی داهاتوو.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکووریش چەند سەنتێک بەرزبووەوە و بە 63 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی سێشەممە 26ی ئابی 2025 نرخی هەردوو جۆری نەوتی برێنت و تەکساس بە رێژەی 2% دابەزینیان بەخۆوە بینی.
ڤاندانا هاری، دامەزرێنەری کۆمپانیا راوێژکاریی (ڤاندا ئینسایت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە ناڕوونی هەیە لەبارەی ئەگەری ئاگربەست لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت، بەڵام هاوکات خستنەڕووی زۆری نەوت لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە، گوشاری بۆ نرخەکان دروستکردووە."
خستنەڕووی زۆری نەوت، مەترسیی داڕمانی نرخی نەوتی لێدەکەوێتەوە. بانکی گۆڵدمان ساکس ئەمڕۆ هۆشداریی داوە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو نرخی نەوتی برێنت دادەبەزێت بۆ نزیکەی 50 دۆلار.
ئەو بانکە گەورەیە پێشبینیی کردووە، "لە چارەکی کۆتایی ئەم ساڵ رۆژانە 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر لە خواستی بازاڕ بخرێتەڕوو."
گۆڵدمان ساکس دەڵێت، ئەو زیادەیە لە خستنەڕووی نەوت دەبێتە هۆکار بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو نزیکەی 800 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕدا زیاد بێت، کە دەتوانێت نرخی نەوتی برێنت تاوەکو 50 دۆلار دابەزێنت.