کارەبای سلێمانی: 80%ی شارەکەمان خستووەتە نێو پرۆژەی رووناکی و 517 موەلیدە کوژێندراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 80%ی هاوبەشانی کارەبا لەنێو شاری سلێمانی خراونەتە نێو پرۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە. دەشڵێت، "بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەکەوە، تاوەکو ئێستا 517 موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان و سەدانی دیکە لە بازاڕەکان کوژێندراونەتەوە."
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی میوانی بەرنامەی مژاری رایۆی رووداو بوو، باسی دۆخی کارەبای پارێزگاکەی کرد و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 256 هەزار هاوبەش لە هەموو پۆلەکان لەنێو شاری سلێمانی خراونەتە نێو پرۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، کە 80%ی شاری سلێمانی و 52%ی پارێزگاکە دەکات."
گوتیشی، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەیلوول ئەو 20%ی دیکەی شاری سلێمانی بخرێتە نێو پرۆژەکە و ئامادەکاریی تەکنیکی بۆ دەکرێت.
یەکێک لە ئامانجەکانی پرۆژەی رووناکی، نەهێشتنی موەلیدە ئەهلییەکان و پێدانی کارەبای 24 کاژێرییە بە هاونیشتمانییان.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا 517 موەلیدەی ئەهلی لەنێو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی کوژێندراونەتەوە، هاوکات سەدان موەلیدەی دیکەی بازاڕ و کۆمپانیا و ماڵان کوژێندراونەتەوە."
سەبارەت بەو شوێنانەی هێشتا پرۆژەکەیان بۆ جێبەجێ نەکراوە، سیروان محەممەد دەڵێت، "ئەو شوێنانەی لەنێو پرۆژەکە نین، لەم وەرزی هاوینەدا لەنێوان 10 بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەبووە."
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، هاونیشتمانییان و کۆمپانیاکان بە رێژەیەکی بەرچاو روویان لە بەکارهێنانی وزەی خۆر کردووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، "خواستێکی زۆر هەیە و رۆژانە خەڵک سەردانمان دەکەن. تاوەکو ئێستا نزیکەی 1200 هاوبەشی کارەبا خۆیان تۆمار کردووە، کە بەهۆیانەوە 25 مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەم دێت و تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەبێت، ئەو کارەبایەی لێیان زیادە تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت و دواتر لە قەرزی کارەبا بۆیان دادەشکێندرێت."
لەبارەی پسووڵەی کارەباوە، سیروان محەممەد باسی لەوە کرد، سیستمێکی نوێ و پێشکەوتوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و گوتی، "سیستمی فرۆشتنی وزەی کارەبا گۆڕاوە، سیستمە نوێیەکە ئاسانکاریی باشی تێدایە بۆ هاوبەشان و لە داهاتوودا مانگانە پسووڵە دابەش دەکرێت، خەڵک دەتوانن بە شێوەی دیجیتاڵی پارەی کارەباکانیان بدەن."
لە رووداوەکەی لالەزار کە بەرەبەیانی 22ی ئاب روویدا تۆڕی کارەبای گەڕەکی سەرچنار زیانی پێگەیشتبوو، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت، "لەدوای رووداوەکەی لالەزار، تیمەکانمان لە رۆژانی هەینی و شەممە هەموو گرفتەکانی تۆڕەکانی کارەبایان چارەسەر کرد و چوار محاویلەش کە کێشەیان هەبوو، چاککرانەوە."