سەرچاوەیەک بۆ رووداو: بڕیارە سبەی 120 ملیار دینارەکە رادەست بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 120 ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، "بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 120 ملیار دینارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی دارایی عێراق."
دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە؛ باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەزارەتی دارایی، مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی 2025 خەرج بکات، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەست بکات."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێشتا نووسراوی خەرجکردنی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەنێردراوە؛ هەرکات ئەو نووسراوە نێردرا، ئەوکات دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکە دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ناکۆکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە تیمێکی یاسایی پێکبهێندرێت بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشە یاساییانەی پەیوەستن بە داهاتە نانەوتییەکانەوە.