پارێزگاری سنە داوا لە جێگری پزیشکیان دەکات کێشەی مامۆستا سزادراوەکانی پارێزگاکە چارەسەر بکات
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە داوا لە جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی دەکات، کێشەی مامۆستا دەرکراو و سزادراوەکانی پارێزگاکە چارەسەر بکات.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاریی سنە بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە، 26ی ئابی 2025، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەجید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی کە بە سەردانێک لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، داوای کرد کێشەی مامۆستا دەرکراو و سزادراوەکانی پارێزگاکە چارەسەر بکرێت.
ئارەش لهۆنی رایگەیاند، لەبارەی کێشەکەوە پەیوەندی بە وەزیری پەروەردەی ئێرانەوە کردووە و وەزیر پێی گوتووە، لەبەر ئەوەی لەبارەی دۆسیەی ئەو مامۆستایانەوە بڕیاری کۆتایی دراوە، بە گوێرە یاسا وەزارەتی پەروەردە ئەو دەرفەتەی نییە کە پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات.
لهۆنی گوتی، "لە ئاستی پارێزگاش دەسەڵاتی ئەوەمان نییە دووبارە دۆسیەکە بخەینەگەڕ و پێداچوونەوە بە بڕیاری سزاکاندا بکەین. بۆیە داواکارین لە رێگەی جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری یاسایی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکرێت."
بە گوتەی پارێزگاری سنە، پێیان گوتراوە تاکە رێگە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی مامۆستا سزادراوەکان، دادگەی دادپەروەریی کارگێرییە. جگە لەوە ئەگەر هەر رێگەیەکی دیکەی یاسایی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، داواکارن لە حکومەت بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی لانیکەم لەم قۆناخەدا بڕیاری سزادانی مامۆستاکان رابگیرێت، تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکە یەکلادەکرێتەوە.
هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە رایگەیاند، دەستەی پێداچوونەوە بە سکاڵاکانی سەرپێچیی ئیداری لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران سزادانی 14 مامۆستای ئەو شارەی پەسند کردووە و بەشی زۆریان بە دەرکردن یان خانەنشینی ناچاری سزادراون.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانەی سزادراون ساڵی 2024 وەکو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی قوتابخانەی شاری سنە هەڵبژێردراون و دوای هەڵبژاردنیان لە پەروەردەی سنە، دۆسیە دژیان کرایەوە.
بەپێی بڕیاری کۆتایی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، مەجید کەریمی بە 23 ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی، غیاس نیعمەتی بە 17 ساڵ ئەزموون و هەروەها 8 مامۆستای دیکە بە دەرکردنی هەمیشەیی سزا دراون. هەروەها سەڵاح حاجی میرزایی بە دوورخستنەوە لە مامۆستایەتی بۆ ماوەی ساڵێک و نەسرین کەریمی و لەیلا زارعی بە دابەزاندنی پلەی مامۆستایەتی و خانەنشینی ناچاری سزا دراون. فەیسەل نووریش بە پێنج ساڵ دوورخرانەوە بۆ کرماشان سزا دراوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سنە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو ئەنجوومەنە 20 ساڵ پێش ئێستا بەشێوەی یاسایی بە ئامانجی گەیاندنی داواکارییەکانی مامۆستا و قوتابییان مۆڵەتی چالاکی لە وەزارەتی نێوخۆی ئێران وەرگرتووە. دەشڵێت، کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنەکە لە ساڵی 2024 بە ئاگاداری پارێزگاری سنە و بە شێوەی ئۆنلاین و ئاشکرا بەڕێوەچووە.