لە چۆمان کەسێک مین پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کوێستانی باسکەپیاز لە بناری چیای هەڵگورد، مین بە هاونیشتمانییەکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. 
 
هاونیشتمانییەکە دانیشتووی گوندی ناوەند بوو لە قەزای چۆمان. رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو شوێنەی مینەکەی لێ تەقیوە کێڵگەیەکی بەمین چێندراوی سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق-ئێرانە.
 
رابەر ئەنوەر گوتی، هاونیشتمانییەک قاچی بەر مینێک کەوتووە و پێیدا تەقیوەتەوە. 
 
دکتۆر ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە رووداوی گوت، ئەو هاونیشتمانییەی بەر مین کەوتبوو، پێش بە گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دابوو. گوتیشی، تەمەنی 25 ساڵ و ناوی کارزان میرزایە.
 
لەکاتی رووداوەکەدا دوو گەنجی دیکە لەگەڵ کارزان میرزا بوون. ئەوان سەلامەتن و بریندار نەبوون. 
 
لە ئەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 6 هاونیشتمانی بە مین گیانیان لەدەستداوە.