نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی 6 ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە فەرمی نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.
سەرچاوەکە بە رووداوی گوت، ئەمێندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران، نووسراوەکەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ماوەتەوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر نووسراوەکە بکات بۆ خەرجکردن و گواستنەوەی بڕی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
چاوەڕوان دەکرێت سبەی پێنجشەممە، تەیف سامی واژۆ لەسەر نووسراوەکە بکات.
دوێنێ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ناردنەکەی بە رادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بەستووەتەوە.
هەر دوێنێ، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، چوارشەممە رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەستپێدەکەن کە 120 ملیار دینارە.