عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق داوای چەند زەوییەکی خورماتوو دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی زۆری سەربازی لەگەڵ عەرەبی هاوردە چوونەتە سەر جووتیارانی تەپەسەوزی سەر بە خورماتوو. دەڵێن، زەوییەکان هی خۆیانە و لە سەردەمی رژێمی بەعس پێیان دراون.
 
جووتیارانی کوردی تەپە سەوز پێشیان بە هێزەکە گرت و نەیانهێشت بگەنە سەر زەوییەکان. ئامانجی هێزەکە و هاوردەکانیش دەستگرتنە سەر 7 پارچە زەوی گوندی تەپەسەوز کە عەرەبی هاوردە بڕیاریان لە دادگەی بەغداوە بۆی هێناوە و دەڵێن، زەوی ئەوانە و لە سەردەمی بەعس پێیان دراوە.
 
عادل وەهاب، جووتیاری گوندی تەپەسەوز لەوبارەیەوە دەڵێت، "کە بەیانی لەماڵ دەرچووم وەسیەتم کرد بۆ کەیبانووەکەم و گوتم، ئەگەر شەهیدبووم بۆ خۆت شوو بکە، زۆر وەسیەتی وامان کردووە، بەنیازی شەڕ نین و بەنیازی بەرگرین، ئێمە هیچمان نییە نە چەک و نە هیچ، جگە لە تەسبیحێک بەدەستمەوە."
 
عەدنان حەمید جووتیارێکی دیکەی گوندەکەیە و لە باسی رووداوەکەوە دەڵێت، "ئەوان رۆیشتوون دەیانەوێ بە گوشاری هێز زەوییەکانمان لێ داگیر بکەن، عەرەبەکانیان لەگەڵبوو، ئەوان دەڵێن ئێمە بە یاسای بەعس دەیکەین."
 
لەگەڵ بڕیاری دادگە بۆ دەستگرتن بەسەر زەوی جووتیارانی کورد، هێزە سەربازییەکە فەرمانی دەستگیرکردنی سێ جووتیاری گوندەکەیان پێبوو، تۆمەتی جووتیارەکان ئەوەیە ئامادەنەبوونە بەڵێننامەی رادەستکردنی زەوییەکانیان واژۆ بکەن.
 
ئەحمەد جومعە، نوێنەری جووتیارانی گوندەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچوو ئیشی پێنەکراوە، بیگەیێنینە سەڵاحەدین هیچ کێشەمان نامێنێ، ئەو بڕیارە ئێمە دەگرێتەوە، باس لەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و گرێبەستی لیژنەی ناوچەی باکوور دەکات لە سەردەمی بەعس کە چۆن گرێبەستیان بۆ کراوە، بەو بڕیارانە گرێبەستیان لەسەر زەوی ئێمە کردووە."
 
جەمال جەلال یەکێکی دیکەیە لە جووتیارانی گوندەکە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو عەرەبانە بە پشتیوانی ئەو هێزە هاتوون، ئێمەش گوتمان بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین و چووینە بەردەم هەمەر و ئۆتۆمبێلەکانیان."
 
جووتیارانی گوندی تەپەسەوز سەریانسوڕماوە لەوەی بڕیار بۆ گەڕاندنەوەی زەوی و موڵک دەرچووە کەچی لەبری کارپێکردنی دادگەکانی عێراق فەرمانی پێچەوانەی بڕیارەکە دەردەکەن و هێزی سەربازی بۆ ملکەچکردنی جووتیاران بەکاردەهێنن.