دەستەی مافی مرۆڤ: چەند سکاڵایەکمان بەدەست گەیشتووە بۆ سۆراخی ئەوانەی لە لالەزار بێسەروشوێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، چەند سکاڵایەکیان بەدەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی "لە رووداوەکەی لالەزار، کەسوکاریان بێسەروشوێن بوون." روونیشیکردەوە، "رووداوەکە لە پێشێلکاری دەرچوو، بەڵکو تاوان بوو."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-08-2025 تاڤگە عومەر رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، "رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست نییە و پێشێلکاریی زۆر لە هەموو سێکتەرەکاندا هەیە".
 
تاڤگە عومەر نموونە بە رووداوەکەی لالەزار دەهێنێتەوە و جەخت دەکاتەوە، "رووداوەکە بووەتە هۆی پێشێلکردنی بنەما و ئەحکامەکانی یاسا و مافی ئەو هاوڵاتییانەی کە بوونەتە قوربانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی شاری سلێمانی و دەوروبەری."
 
ئەو بەرپرسەی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، "گرتنی هاووڵاتییان و ئەو هێزە چەکدارانەی لەناو هوتێلی لالەزاردا بوون، پێچەوانەی پرەنسیپ و ئەحکامەکانی یاسا نیشتمانییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ بووە." هەروەها، باسی بوونی بابەتی ئەشکەنجە و سووکایەتی کرد، کە لەو رووداوەدا کراون و جەختی لەسەر دۆکیۆمێنتکردنی ئەم پێشێلکارییانە لەلایەن دەستەکەیانەوە کردەوە.
 
تاڤگە عومەر رەشید رایگەیاند، "هەر کارێک پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و یاسا بێت، دەچێتە قاڵبی تاوانەوە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
 
سەبارەت بە رۆڵی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، تاڤگە عومەر روونیدەکاتەوە کە دەستەکەیان بە پێی یاسا دەسەڵاتی هەیە بەدواداچوون بۆ راستییەکان بکات و راپۆرتی خۆی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت.
 
گوتیشی، تیمەکانیان، بەتایبەتیش نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، هەر حاڵەتێکی پێشێلکاری کە تۆمار دەکرێت، بەڵگەی تەواوی لەگەڵدا کۆدەکەنەوە. لەو حاڵەتانەی کە پێشێلکارییەکان لایەنی سزایی تێدایە و دەبێت بە تاوان، "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە رێگەی داواکاری گشتییەوە داوای جووڵاندنی داوای یاسایی دەکات لەسەر ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن، بۆ ئەوەی بکەرانی ئەم تاوانانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."
 
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش دا، ئەو لایەنەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، کاریگەریی لەسەر جۆری دادگە و سزاکە هەیە، "ئەگەر هەردوو لایەنی داواکە مەدەنی بن یان یەکێکیان سەربازی و ئەوی دیکەیان مەدەنی بێت، ئەوا لە تایبەتمەندی دادگە مەدەنییەکانە، بەڵام ئەگەر هەردوو لایەنەکە سەربازی بوون، ئەوا بە پێی یاسای سزای سەربازی و یاسای رێکارەکانی دادگەی سەربازی، دادگەیی دەکرێن."
 
گوتیشی، "تائێستا لە قۆناخی کۆکردنەوەی داتا و زانیاریداین، چونکە بەپێی زانیارییەکانمان، هەندێک لە قوربانییەکان مەدەنین و هەندێکیشیان سەربازین، هەروەها هەندێک لە تۆمەتبارانیش سەربازین."
 
تاڤگە عومەر جەختی لەسەر بەردەوامیی وەرگرتنی سکاڵاکان کردەوە و ئاشکرای کرد، چەندین پەیوەندیمان پێوە کراوە و دەرگای سکاڵاکان هێشتاش کراوەیە. نموونەی بە سکاڵایەک هێنایەوە کە سێشەممە وەرگیراوە و تێیدا چەند کەسێک باس لەوە دەکەن کوڕەکانیان دیار نین. گوتیشی، "سکاڵاکان لە نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی و دیوانی دەستە وەردەگیرێن و بەدواداچوون بۆ راستییەکان دەکەن تاوەکو دەگەنە بەڵگەی تەواو کە ئایا ئەم کەسانە بێسەروشوێن کراون یان نا."
 
بەرەبەیانی رۆژی 22-08-2025 هێزەکانی دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی "چەند داواکراوێک" هەڵیانکوتایە سەر هوتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، دوای سێ کاژێر رووبەرووبوونەوە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیرکران.
 
لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و باس لە کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەکرێت.