پسپۆڕێکی جینۆساید: مامەڵەکردنمان لەگەڵ دۆسیەی جینۆساید لە ئاستی پێویست نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی بواری جینۆساید لە چاوپێکەوتنێکدا رەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆسیەی جینۆساید دەگرێت، پێیوایە "کەمتەرخەمیی ناوخۆیی و نەبوونی ستراتیجێکی تۆکمە" بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانی ئەنفال، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی هاوشێوە لە شنگال. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا کورد خاوەنی ئەرشیڤێکی نیشتمانیی پڕۆفیشناڵ نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەی گومان لەسەر جینۆسایدی کورد دروست دەکەن.
د. دڵسۆز جەلال هەورامی، پسپۆڕی بواری جینۆساید لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی گەلی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی بە شێوەیەکی بەردەوام رووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیە چارەنووسسازەدا لە ئاستی پێویستدا نەبووە، "دوای تاوانی ئەنفال، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی دۆسیەکە، زیاتر کورتخایەن و کاردانەوە بوون. نەمانتوانی دامەزراوەیەک یان سەنتەرێکی نیشتمانیی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنین، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر کۆکردنەوە، پۆلێنکردن و شیکردنەوەی بەڵگەنامەکان بکات."
گوتیشی، "کاتێک لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لێکۆڵەرێک بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەنفال جینۆساید نەبووە و ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەش دەخاتەڕوو، ئێمە لە بەرامبەردا ئارگیومێنتێکی ئەکادیمیی بەهێزمان نییە، چونکە ئەرشیڤێکی رێکخراو و داتایەکی وردمان نییە بیسەلمێنین قوربانییەکانمان چەندن و ناویان چییە."
ئەو پسپۆڕەی بواری جینۆساید ئاماژەی بەوە دا، هەمان کەموکوڕییەکان لە کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکانیشدا دووبارە بوونەتەوە. رەخنەی لە کارەکانی (دەستەی جینۆساید) گرت و گوتی، "بەداخەوە، تەنانەت ئەو دەستەیەش کە دامەزراوە، هێشتا بە شێوەیەکی سیستماتیک کار ناکات. کارەکان زیاتر پشت بە هەوڵی تاکەکەسی دەبەستن و کادری پسپۆڕ و شارەزای پێویستی تێدا نییە. ئەمەش وا دەکات نەتوانین سوود لەو یاسا و بنەما نێودەوڵەتییانە وەربگرین، کە بۆ رێگریکردن لە جینۆساید دانراون، وەک بنەمای بەرپرسیارێتیی پاراستن."
د. دڵسۆز جەلال هەورامی لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداری دا، تاوەکو ئەم بۆشاییە گەورەیە لە بواری بەڵگەنامەکردن و نەبوونی ستراتیجێکی نیشتمانیی تۆکمەدا پڕ نەکرێتەوە، مەترسیی دووبارەبوونەوەی جینۆساید لەسەر گەلی کورد هەر دەمێنێت. گوتیشی، "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیدی کار لەسەر ئەم دۆسیەیە بکات و بیگەیەنێتە ئاستێک، کە بتوانێت ببێتە گوشارێکی نێودەوڵەتی بۆ سزادانی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان."