ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری ورمێ داوای گۆڕینی ناوی نەغەدە دەکات
رووداو - هەولێر
ئەندامێکی ئازەری ئەنجوومەنی شاری ورمێ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤارێکی ئەو شارە، رەخنە لە دژایەتی خەڵک لەگەڵ پرۆژەی بە ئازەریکردنی شاری نەغەدە دەگرێت و دەڵێت، ئەگەر رێگەیان نەدابا، کەس نەیدەتوانی بڵێت، نابێت ناوی تورکی لە سەر شەقام و کۆڵان و گۆڕپانەکانی نەغەدە دابنرێت.
نەغەدە شارێک کە کورد و ئازەری خۆیان بە خاوەنی دەزانن، بەڵام دامودەزگا حکومییەکان لەناونانی شوێنە گشتییەکان، شەقام و کۆڵانەکان بە ئینساف نەبوونە و بەشی هەرە زۆریان ناوی ئازەرییان لەسەر داندراوە. هەوڵێکیش هەیە بۆ گۆڕینی ناوی شارە، لە نەغەدەوە بۆ سڵدوز. هەرچەندە ئەو پڕۆژە سەری نەگرتووە بەڵام هێشتاش ئازەرییەکان چاویان لێیەتی.
عەلی بێهرەوێش، کە پێشتر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران بووە و لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی شاری ورمێ بووە ئەندامی یەدەکی ئەنجوومەنی شار، ساڵی رابردوو بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ورمێ بوو بە ئەندامی ئەنجوومەن. ئەو لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شاری ورمێ-دا لە لیستی ئابادگەراندا بوو کە لیستێکی نزیک لە سەرۆککۆماری ئەو کات، مەحمود ئەحمەدی نەژاد بوو.
عەلی بێهرەوێش دەڵێت "ئەو کەسانەی باس لە نەگۆڕینی نێوی نەغەدە و بە ئازەرینەکردنی نێوی شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە دەکەن، قسە لەسەر چارەنووسی ئازەربایجان دەکەن".
بێهرەوێش دەڵێت، هەڵکەوتەی جوگرافی نەغەدە هەستیار و ستراتیژییە، نەغەدە لەسەرەتای شۆڕش بوو بە قەڵغانی ئێران و ئازەربایجان. دەشڵێت، خەڵكی ئێران بەهۆی بەرگری نەغەدە کە ئەو پێی دەڵێت، سۆڵدوز لەبەرامبەر دژبەرانی شۆڕش کە مەبەستی حیزبە کوردییەکانە قەرەزداری سۆڵدوزن.
کەم نین ئەو بەرپرسە ئازەرییانەی بەو شێوەییە لێدوان دەدەن. چاودێران دەڵێن بەشێکی زۆر لەو بەرپرسانە بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک و دەنگهێنانەوە لە هەڵبژاردنەکان، بەو جۆرە ناکۆکییە نەتەوەییەکانی نێوان کورد و ئازەری زەق دەکەنەوە.
دانیشتوویەکی شاری نەغەدە دەڵێت، بەهۆی پەراوێزخستنی کورد لە بەڕێوەبەری شاری نەغەدە و گوشاری ئازەرییەکان لەساڵانی رابردوودا بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی کوردی ئەو شارە، بەرەو شارەکانی دەوروبەری کۆچیان کردووە.