مەسرور بارزانی دەچێتە ماڵی ئەو جووتیارەی کە گلەیی ساخنەبوونەوەی ترێکەی دەکرد
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی سەردانی ئەو جووتیارەی دهۆکی کرد کە لەلای سەرۆک بارزانی گلەیی ساخنەبوونەوەی ترێکەی کرد و گوتی، بە سەرۆکوەزیران بڵێ "چارەسەری دۆخەکەمان بکات". ئەو جووتیارە دەڵێت، گلەیی سەرجەم جووتیارانی دهۆکی بە سەرۆکی حکومەت گەیاندووە.
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ شاری دهۆک، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 27-09-2022 چووە ماڵی ئەو جووتیارەی دهۆک کە لە فیستیڤاڵی ترێی دهۆک گلەیی ساخنەبوونەوەی بەرهەمی ترێکەی کرد و بە سەرۆک بارزانی گوت، بە مەسرور بارزانی بڵێ با چارەسەرێک لە دۆخەکەیان بکات، چونکە بەرهەمەکانیان ساخ نابێتەوە.
محەممەد سەلیم، جووتیار بە رووداوی گوت، "سەردانەکەی لەناکاو بوو، سەرۆکی حکومەت بە پێکەنینەوە هاتە لام و گوتی: تۆ بووی لای باوکم گلەییت لەمن کردبوو؟، ئەوە هاتمە لات. گلەیی سەرجەم جووتیارانی دهۆکم گەیاندە سەرۆکی حکومەت و ئەویش بە سنگێکی فراوانەوە گوێی لە قسەکانم گرت."