جیهان لە رووداوەوە مەرگەساتی حەمدانیەی بینی
رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی سێشەممە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا هەمووانی هەژاند، لە چەند خولەکێکی کەمدا سەدان کەس بە ئاگر سووتان کە بەشێکیان یەکسەر گیانیان لەدەستدا؛ تیمەکانی رووداو لە خولەکەکانی سەرەتاوە بەرەو شوێنی رووداوەکە چوون و یەکەم کەس دیمەنەکانیان گەیاندە هەموو جیهان.
لەگەڵ گەیشتنی تیمەکانی رووداو بۆ شوێنی رووداوەکە کە هۆڵی هەیسەم بوو لەگەڵ نەخۆشخانەکانی قەزای حەمدانییە، ڤیدیۆکانی رووداو بە جیهاندا بڵاوبوونەوە و دەزگا میدیاییە گەورەکانی جیهان وێنە و ڤیدیۆ و زانیارییەکانی رووداویان کردە سەرچاوەی هەواڵەکانیان بۆ خوێنەر و بینەرانیان.
ئاژانسە گەورەکانی جیهان وەکو ئەسۆشیەیتید پرێس و فرانس پرێس و ئینێکس کە بە دەیان هەزار هاوبەشیان لە جیهان هەیە ڤیدیۆکانی رووداویان بە جیهان گەیاند. کاتێک خەڵکی لە جیهان دەیانویست زانیاری لەسەر رووداوەکە بزانن، لە هەر شوێنێکت دەڕوانی لۆگۆ و زانیارییەکانی رووداو لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان بوون.
دیارترین ئەو تەلەڤزیۆن و دەزگا میدیاییە جیهانییانەی رووداویان کردە سەرچاوەی هەواڵەکانیان:
- نیویۆرک تایمزی ئەمریکی
- بی بی سی بەریتانی
- سی ئێن ئێن
- سکای نیوز
- گاردیان
- ئار تی ئێڵ ی ئەڵمانی
- ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێس
- ئاژانسی فرانس پرێس
- تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی - ENEX
- دی دەبلیو
- تەلەگراف
- ئەلجەزیرە
- تەلەڤزیۆنی حەدەس
- تۆڕی Wion
جگە لەو دەزگا میدیاییە جیهانییانە، دەیان دەزگای میدیایی دیکەی ناوچەکە زانیاری و ڤیدیۆ و دیمەنەکانی رووداویان لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کردە سەرچاوەی یەکەمیان و لەسەر ئەو بنەمایە شیکردنەوەیان بۆ رووداوەکە کرد.
گفتوگۆی گەرم لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بوو، بەشێک لە کەسوکاری خاوەنی هۆڵەکە رایانگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام رووداو لە رێگەی تۆڕی پەیامنێرانییەوە بە ڤیدیۆ ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە یاریی ئاگرین بووە. لە ڤیدیۆکەدا کە لە ئامادەبووانی نێو هۆڵەکەوە بە رووداو دراوە، دەردەکەوێت کە چۆن لە چەند چرکەیەکدا ئاگر دەگاتە بنمیچی هۆڵەکە و هەموو شتێک تێکدەچێت.