مەسرور بارزانی لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە: زۆر خەمباری کردین و ئامادەی هەموو هاوکارییەکین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە دەکات و دەڵێت، ئەو رووداوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان کەس، "زۆر خەمباری کردین."
رووداوەکە کاژێر 10:30 بووە لە هۆڵی هەیسەم و لە کاتی ئاهەنگێکی بووکگواستنەوەدا روویداوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "رووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە ( بەخدێدا) کە بووە هۆی گیان لەدەستدان و سووتانی سەدان کەس، زۆر خەمباری کردین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "پرسە و سەرەخۆشی قووڵی" خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەکات و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم."
دوێنێ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی رووداوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد بەزووترین کات بە هانای لێقەوماوانەوە بچن. مەسرور بارزانی دەڵێت، "ئێستاش ئامادەیی خۆمان بۆ هەموو هاوکارییەکی پێویست دووپات دەکەینەوە."
شایەتحاڵان دەڵێن، لەکاتی سەمای بووک و زاوا یاریی ئاگرین هەڵدراوە و بەشێک لە یارییە ئاگرینەکان بەر بنمیچی هۆڵەکە کەوتوون کە لە سەندویچ پەنەڵ دروستکراوە، بەهۆی ئەوەی مادەیەکە زوو گڕدەگرێت، لە چەند خولەکێکدا هۆڵەکە هاوشێوەی دۆزەخێکی بچووکی لێهات بۆ میوانەکانی.
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی گیانلدەستدان و برینداربوون لە رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەدان کەس بوونەتە قوربانی.