کۆمەڵی دادگەری پەیڕەوی نێوخۆی پەسندکرد؛ 9 ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێ، پەیڕەوی نێوخۆیان پەسندکردووە و 9 ئەندامی مەکتەبی سیاسییان هەڵبژاردووە.
رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجەمین کۆبوونەوەمان دوای بەڕێوەچوونی کۆنگرە کرد و تێیدا پەیڕەوی نێوخۆ پەسندکرا و ئەندامانی نوێی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەمان هەڵبژێردران."
بە گوتەی محەممەد حەکیم، پێشتر چەند لیژنەیەک بۆ تەواوکردنی کارەکانی پەیڕەوەکە و سەردانیکردنی مەڵبەندەکان پێکهێندرابوون و لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا دەستیان بە گفتوگۆ کردبوو.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان نزیکەی 24 مادەی پەیڕەوی نێوخۆی هەیە. گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێ: "هەندێک بڕگەی پەیڕەو هەموارکردنەوە و پەسندکردنیان مابوو کە لەلایەن کۆنگرەوە بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سپێردرابوو. ئەمڕۆ هەموو بڕگەکان پەسندکران."
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی ناوی ئەندامانی نوێی مەکتەبی سیاسیی بۆ رووداو ئاشکرا کرد کە بریتین لە:
- دلێر گەرمیانی
- عەبدولستار مەجید
- محەممەد حەکیم جەبار
- شێخ فەخرەدین
- ئەنوەر سەنگاوی
- یاسین حەسەن
- ئیدریس سادق
- محەممەد بامۆکی
- رێبوار حەمەد
19ـی تەممووزی 2025 پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژی خایاند.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە شوباتی 2021 بەڕێوەچوو و تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکە لە "ئەمیر"ەوە بۆ "سەرۆک" گۆڕدرا.
ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سێ کورسی بەدەستهێنا.