مەسرور بارزانی: ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی لە هەناردەکردنەوەی نەوتدا هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمریکا پاڵپشتێکی گەورەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت. ئاماژە بەوەش دەکات، "رێککەوتنەکە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.''
ئەمڕۆ شەممە 27-09-2025 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئایینییەکان، کۆنفرانسی ساڵیادی نیقیە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''ئومێدەوارم دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە، لە خزمەتی بەهێزترکردنی کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتی، تەبایی و برایەتیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بێت.''
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، پێکەوەژیانی ئاشتییانە تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستانە، ''بەڵام بێگومان ئەم کولتوورە پێویستی بە پتەوکردن و دەوڵەمەندترکردنی هەیە کە ئەرکی هەموومانە لەو پێناوەدا هەرچی پێمان بکرێت، ئەنجامی بدەین.''
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی، تەبایی و دۆستایەتیی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان.''
هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەت پابەند دەبێت بە داکۆکیکردن لە ''فرەڕەنگیی ئایینی و کولتووری. لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامین لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی زمانەکانی سریانی، کلدانی، ئاشۆری و ئارامی.''
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، نزیکەی 50 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن کە قوتابییان تێیدا بە زمانی سریانی دەخوێنن. گوتیشی، ''بەمزووانە چوار کەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە.''
''رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستکەوتێکی گەورەیە''
سەرۆکی حکومەت باسی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بە ''رووداوێکی مێژوویی'' وەسف کرد.
مەسرور بارزانی دەڵێت، ''ئەم رێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.''