سەرۆک بارزانی بۆ محەممەد شیاع سوودانی: پشتگیری لە حکومەتەکەت دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق متمانەی بە کابینەکەی سوودانی دا. سەرۆک بارزانی بەوبۆنەیەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی قسەی کرد و وێڕای پیرۆزبایی و پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتە نوێیەکە، "جەختی لە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 253 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ دەنگدان بەکابینەى نوێى حکومەتى وڵات بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى و کارنامەى حکومەتەکەى.
لە کۆبوونەوەکەدا 21 بەربژێرى وەزارەتەکان پەسەند کران، بەڵام یەکلاکردنەوەى هەردوو وەزارەتى ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دواخران کە لە پشکى کوردن.
دوای متمانەدان بە کابینەکەی سوودانی لە لایەن پەرلەمانەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق قسەی کرد و رایگەیاند، پشتگیریی لە حکومەتی نوێی عێراق دەکات و "جەختی لە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە."
دەقی پەیامەکەی بارەگای بارزانی:
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق دەکات
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوی عێراق کرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ڕاگەیاندنی پشتگیریی خۆی پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق و، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە.